سعودیە لە بەرهەمهێنانی فیلمی نوێی جۆنی دێپ بەشدار دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

سندوقی سعودی تایبەت بە وەبەرهێنانی لە پیشەسازی سینەمادا رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی نوێترین فیلمی جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکیدا بەشدار دەبێت.
 
فیلمەکە، درامایەکی فەرەنسییە، تێیدا دێپ رۆڵی شا لویسی پازدەهەم دەگێڕێت و ئەمەش دەبێتە یەکەم رۆڵگێڕانی سەرەکی ئەو ئەکتەرە لە دوای تەواوبوونی دادگاییکردنی نێوان خۆی و ئەمبێر هێرد، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی.
  
محەممەد تورکی، سەرۆکی جێبەجێکاری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دەریای سوور کە بەشێکە لە دەزگای سندوقی وەبەرهێنان سعودی رایگەیاند، ئەوان هیواخوازن پەیوەندی نێوان سینەمای سعودیە و فەرەنسا بەهێز ببێت.
 
فیلمەکە بەناوی 'Madame du Barry'یە و لە دەرهێنانی مایوینە و تاوەکو ئێستا وادەی بڵاوکردنەوەی ئاشکرا نەکراوە.
 
دوای سێ ساڵ ئامادەبوون لە دادگەکان و لێدوانی ئاگرین لە دژی یەکدی، هەردوو ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی یەکدی، ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ گەیشتنە رێککەوتن و هێرد بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە دێپ دەدات و ئەو بڕە پارەیە دواتر دەبەخشرێتە رێکخراوێکی خێرخوازی.
 
جۆنی دیپ و ئێمبەر هیرد، دوای دادگەییکردنێکی باڵا لە سەرەتای ئەمساڵدا، تێیدا ئەو دوو هاوژینەی پێشووە یەکدیان بە دەستدرێژی جەستەیی و زارەکی تۆمەتبار کرد، دەستەی سوێندخواردنی مەدەنی حەوت کەسی؛ بڕیاریدا هێرد 10 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو بە دێپ ببەخشێت، لە بەرامبەردا ئەویش دوو ملیۆن دۆلار ببەخشێتە هێرد.