جێنیفەر لۆپێز لەبارەی جیابوونەوەی: کێشەکان چارەسەر نەدەکران
رووداو دیجیتاڵ
جێنیفەر لۆپێز، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی لەبارەی جیابوونەوەی لە بێن ئافلێک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی لە دووەمین ساڵیادی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیاندا، دەڵێت، کێشەکان چارەسەریان نەبوو.
ئەو هونەرمەندە (55 ساڵ) لە هەڤپەڤینێکیدا لەگەڵ گۆڤاری "Interview" لەبارەی جایبوونەوەی ئافلێک (52 ساڵ) گوتی، لە ئابی ئەمساڵ داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی؛ پێشکێش بە دادگە کرد، بەڵام لە 26ـی نیسانی 2024 رێکەوتی جیابوونەوەیانە.
بەهۆی بڕیاری جایبوونەوە، لۆپێز رووبەڕووی رەخنەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەوە، لە وەڵامدا گوتی، بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە بازنەی ناوبانگیدایە، راهاتووە چۆن دەنگە دەنگ پشتگوێ بخات. گوتیشی: "دەزانم هەرچییەک لەبارەمەوە دەنووسرێت و دەگوترێت، هەموو خەملاندنەکان کە من کێم؟ ئەوە نییە کە من هەم"، روونیشیکردەوە: "دەمێکە ئەوە فیربوومە".
لۆپێز کە بە "جەی لۆ" لە نێو هەوادارانیدا دەناسرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رەنگە ئەوە سەختترین ساتەکانی ژیانی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو باشە، گوتیشی "لەو کاتەدا بیرم لە ژیانی خۆم دەکردەوە و بە خۆم گوت: لەو بڕوایەدا نەبووم کە شتەکە بەم شێوەیە کۆتایی دێت.. دواتر بیرم کردەوە و گوتم، نەخێر، ئەمە رێک ئەو شوێنەیە کە من پێویستم پێیبوو تێیدا بم".
ئەو ئەستێرە پۆپە لە هەڤپەیڤینەکەدا ناوی ئافلێکی نەهێناوە، بەڵام گوتی: "کاتێک دەگەیتە خاڵێک و هەست دەکەیت وانەت وەرگرتووە، دواتر دووبارە بە رووتدا دەتەقێتەوە". گوتیشی: "ئێستا؟ دەمەوێت بڵیم، هیچ کاتێک لە سەیرکردنی ناوەوە مەوستن، چونکە ئاسانە لۆمەکە بخرێتە سەر هەمووان".
پێدەچێت لۆپێز بیەوێت ئێستا تەنیا بێت و پەیوەندی دیکە دروست نەکات، لەمبارەیەوە گوتی، ئەم هاوینە وانەیەکی وەرگرت کە دەبێت بە تەنیا بمێنێتەوە، گوتیشی: "هەستمکرد فیربوومە، بەڵام نەمکرد، دواتر ئەم هاوینە دەبوو بڵێم پێویستیم بەوە هەیە بە تەنیا بم، دەمەوێت ئەوەش بۆ خۆم بسەلمێنم کە دەتوانم ئەوە بکەم".
هەرچەند باس لەوە دەکرێت بێن ئافلێک نایەوێت پەیوەندی دیکەی هەبێت، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ کیک کێنێدی، ئەکتەری ئەمریکیی تەمەن 36 ساڵ هەبێت، گوایە هۆکاری جیابوونەوەکەش هەر ئەوە بووە.
بڕیاری جیابوونەوە کاریگەری لەسەر کارە هونەرییەکانی لۆپێز هەبووە و بەهۆیەوە گەشتە هونەرییەکەی دواخست.
لە ئەیلوولی رابردوو، جێنیفەر لۆپێز بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Unstoppable" لە 49یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا ئامادەبوو.
فیلمەکە درامایەکی وەرزشییە و لۆپێز رۆڵی دایکی یاریزان ئەنتۆنی رۆبڵێس دەگێڕێت، بێن ئافلێک بەرهەمی هێناوە، بەڵام ئافلێک لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادە نەبوو، پێشبینی دەکرێت هۆکاری سەرەکی، مژاری جیابوونەوەیان بێت.
دوای پەیوەندییەکی دوو دەیە و دووجار دەستگیرانداری و دووجار گێڕانی ئاهەنگی هاوژینی و چەندین هەواڵ لەبارەی ئەو پەیوەندییە، لە 20ـی ئابی 2024 لە دادگەی باڵای لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، جێنیفەر لۆپێز داوای جیابوونەوە لە بێن ئافلێک کرد.
ئەو دوو ئەکتەرە لە 2003 لە فیلمی "Gigli" و لە 2004 لە فیلمی "Jersey Girl" پێکەوە کاریان کردووە، دوای جیابوونەوەیان، لە 2022، دووبارە ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
بێن ئافلێک لە 2005 ژیانی هاوژینی لەگەڵ جێنیفەر گارنەر، ئەکتەری ئەمریکی پێکهێنا و خاوەنی سێ منداڵان و لە 2018 جیابوونەوە. جێنیفەر لۆپێز جگە لە ئافلێک، سێ جاری دیکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
ئەو دوو ئەستێرەیە لە 2002ـەوە لە پەیوەندیدا بوون و دەستگیراندار بوون، بەنیازبوون لە 2003 ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام لە 2004 جیابوونەوە، لە ئایاری 2021 دووبارە گەڕانەوە لای یەکدی و ساڵی دواتر ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
جێنیفەر لۆپێز و بێن ئافلێک، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ لای یەکدی، ماوەیەک بوو بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان و دواجار کۆشکێکیان کڕی بۆ ئەوەی پێکەوە تێیدا بژین و نرخەکەی 60 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو.
کۆشکەکە لە باڤرلی هێڵزە لە لۆس ئەنجڵس بوو و ماوەی چەند مانگێک بوو ئەو دوو ئەکتەرە لەو ناوچەیە بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان.
جینیفەر لۆپیز، لە 24ـی تەمموزی 1969 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، ئەکتەر و سەماکار ناسراوە، لە 1991 لە بەرنامەیەکەدا وەک سەماکارێک دەرکەوت، لە 1993 رووی لە کاری نواندن کرد، لە 1997 لە فیلمی سینەمایی "Selena" رۆڵی گێڕا و داهاتی فیلمەکە یەک ملیۆن دۆلار بوو.
یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لۆپێز لە ستۆدیۆ بەناوی "On the 6" لە 1999 بوو، لەگەڵ ئەوەش لە سینەما بەردەوام بوو و لە فیلمی ترسناک "The Cell" رۆڵی گێڕا.
داهاتی فیلمەکانی بە سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمە میوزیکییەکانی فرۆشراون.
بێن ئافلێک، لە 15ـی ئابی 1972 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
لە تەمەنی منداڵیدا لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Voyage of the Mimi" لە 1984 تاوەکو 1988 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دواتر لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، پاشان رووی لە کاری دەرهێنان کردووە.