بانە شێروان ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپێکی ئینگلیزی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند بانە شێروان بڕیاریداوە بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی بڵێت، ڤیدیۆکلیپی نوێترین بەرهەمی بەناوی 'Tangy' لە قەزای دووکان وێنەگرت.
 
بانە شێروان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو؛ دوو هونەرمەندی دیکە لەم بەرهەمەدا بەشدارن و جگە لە کوردستان، ڤیدیۆکلیپەکەی لە ئەمریکا و بەریتانیا وێنەدەگیرێت. گوتیشی، لە کاتی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە زۆر گەرمبووە و دوو سێ جار خەریکبوو لە هۆش خۆی بچێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا بە ئینگلیزی گۆرانی دەڵێت، ئەمەش خەونی ئەو بوو و لە منداڵیش هەر بە ئینگلیزی گۆرانی گوتووە.
 
جێف، دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، بانە هونەرمەندێکی زۆر ناوازە و بەهرەدار و ئەستێرەیەکی جیهانییە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کوردستان وڵاتێکی زۆر جوانە. گوتیشی: "ئێمە لە لەندەنەوە هاتووینەتە سلێمانی. ئێرە وڵاتێکی زۆر زۆر جوانە. زۆر دڵخۆشبووین بە کارکردن لەگەڵ بانە. ئەو ئیلهامبەخشێکی گەورەیە بۆ نەوەی گەنج و دڵنیام کە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدێنێت."
 
روونیشیکردەوە: "ئەمە گەرمترین وڵاتە کاری وێنەگرتمان تێدا کردبێت، هەر لە فڕۆکەخانەکە دابەزیم، چاویلکەکەم لەچاوکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەزموونێکی ناوازەیە کە ئێمە کار لەگەڵ بانە دەکەین."
 
"ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم ڤیدیۆیە زیاتر رەنگدانەوەی جوانخوازی پێوە دیارە. ئەو توانیویەتی بگاتە بازاڕی ئینگلیزی لە بەریتانیا، بێگومان ئەم کلیپەش دەگاتە سەرانسەری جیهان و لەسەر ئاستی جیهان بانە پێی دەناسرێتەوە."
 
بانە شێروان، لە 4ـی ئازاری 2001 لە سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنی 16 ساڵییدا؛ لە رێگەی بەرنامەیەکی تایبەت بە دەنگخۆش و بەهرەداران، ناوبانگی پەیداکرد و گەیشتە قۆناخی کۆتایی بەرنامەکە، یەکەم بەرهەمی بەناوی 'بڕۆ' لەگەڵ هونەرمەند نەڤید زەردی بڵاوکردەوە، دووەم بەرهەمی بەناوی 'بۆچی' لە 24ـی تشرینی یەکەمی 2019 بڵاوکردەوە.