د. فازڵ جاف شانۆنامەی 'رۆمیۆ و جولیێت' دەباتە سەر تەختی شانۆ
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە گرووپێک لە هونەرمەندانی کورد دەیانەوێت سەکۆی شانۆکانی سلێمانی بەکارێکی نوێی هونەر بگەشێننەوە. ژمارەیەک شانۆکاری سلێمانی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بینەرانی شانۆ بە شانۆگەریی "رۆمیۆ و جولیێت" لە دەرهێنانی د. فازڵ جاف، شانۆکاری کورد ئاشنا بکەن.
هونەر حەسەن، ئەکتەری شانۆیی، لەبارەی بەرهەمە شانۆییەکە بە رووداوی راگەیاند: "کاری باشمان لەسەر شانۆگەرییەکە کردووە، لە دووهەفتەی داهاتوو کات و شوێنەکەی ئاشکرا دەکەین".
ئەکتەرانی شانۆگەرییەکە 25 کەسن، زۆربەیان مامۆستا و وخوێندکاری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانین، دەقەکەی شانۆنامەیەکی ولیەم شەکسپیرە کە لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بۆ بینەری شانۆیی نمایشی دەکەن.
هێرۆ سەباح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەرهەمەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە دوو مانگە سەرقاڵی خۆئامادەکردنین بۆ شانۆگەریی "رۆمیۆ و جولیێت" لە نووسینی شەکسپیر و دەرهێنانی د.فازل جافە".
شانۆگەرییەکە وەك پەیامی هونەری، رووی دەم لە گەنجان دەکات و جەخت لە سەر گرنگیی خۆشەویستی و پابەندبوون بە بەها بەرزەکانی ژیان دەکاتەوە، بۆ ژمارەیەک لە ئەکتەری گەنج، یەکەم ئەزموونی نواندنیانە.
لەرێ ئاوات، ئەکتەری بەشداربوو لە شانۆگەرییەکە، گوتی: "ئەکتەری بەئەزموون و باش تێیدا بەشدارن، ئێمە وەکو یەکەم ئەزموون وەکو خوێندکار و مامۆستا بەشداریمان تێیدا کردووە".
بڕیارە دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەکە لە 15ـی تەمموزی 2024 لە سلێمانی، لە شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان نمایش بکرێت.