گەشتی هونەریی بیۆنسێ دەستیپێکرد و چوار مانگ دەخایێنێت
رووداو دیجیتال
بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی، گەشتێکی هونەریی دەستپێکردووە و بڕیارە چوار مانگ بەردەوام بێت و زنجیرە کۆنسێرتێک لەخۆدەگرێت و ماوەی حەوت ساڵە ئەو هونەرمەندە هیچ گەشتێکی هونەریی ساز نەکردووە.
یەکەم کۆنسێرتی گەشتە هونەرییەکە، رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023 لە ستۆکهۆڵمی سوێد بەڕێوەچوو، لە ماوەی سێ کاژێردا بە نمایشی جیاواز، گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە ئامادەبووان کرد، بەهۆی داواکاری زۆر لەسەر بلیتی کۆنسێرتەکە، رۆژی پێنجشەممەش کۆنسێرتێکی دیکەی لەو وڵاتە بۆ سازکرا.
'Renaissance World Tour' ناوی گەشتە هونەرییەکەی بیۆنسێیە و پێشبینی دەکرێت داهاتەکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بێت، بەڵام گۆڤاری 'فۆربێس' پێشبینی کردووە، داهاتەکەی بگاتە دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.
کۆنسێرتەکە لە یاریگەی 'Friends Arena' بەڕێوەچوو کە جێگەی 60 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، جگە لە سوێدییەکان، هەوادارانی لە وڵاتانی دیکەوە هاتبوون، بەتایبەتیش لە ئەمریکا.
گەشتە هونەرییەکەی ئەو گۆرانیبێژە لە شوباتی ئەمساڵ راگەیێندرا، لە 2016ـەوە هیچ گەشتێکی هونەری ئەنجام نەداوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش، هۆکارێک بوو نەتوانێت لە 2021 و 2022 هیچ گەشتێکی هونەری ئەنجام نەدات.
دووەم کۆنسێرتی بیۆنسێ لە گەشتە هونەرییەکەی، دوێنێ هەینی 12ـی ئایاری 2023 لە برۆکسلی بەلجیکا بەڕێوەچوو، لە فەرەنسا دوو کۆنسێرت سازدەکات، یەکەمیان لە پاریسی پایتەخت لە 26 ئەم مانگە دەبێت، دووەمیان لە 11ـی حوزەیران لە مەرسێلیای دەبێت کە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە.
گەشتە هونەرییەکەی بیۆنسێ 57 کۆنسێرت لە 40 شار لە جیهاندا لەخۆدەگرێت.
لە شوباتی ئەمساڵ، بیۆنسێ توانی ریکۆردێکی نوێ لە وەرگرتنی زۆرترین خەڵاتی گرامی تۆماربکات و پێش جۆرج شۆلتی، رێبەری ئۆرکێسترایی بکەوێت، ئەویش لە رێگەی حەوتەمین ئەلبوومی بوو بەناوی 'Renaissance' و 16 گۆرانی لەخۆدەگرێت.
بیۆنسێ، لە 4ـی ئەیلوولی 1981 لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و سەماکاری ئەمریکییە، سەرکەوتنەکانی وایکردووە ببێتە ئایکۆنێکی کولتووری لە ئەمریکا و جیهاندا.
لە کۆتایی نەوەدەکاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و ئەندامی گرووپی کچانی 'Destiny's Child' بووە کە بەرهەمەکانی پڕفرۆشترینی گرووپی کچانن لە هەموو سەردەمێکدا.
بیۆنسێ، زیاتر لە دووسەت ملیۆن ئەلبوومی گۆرانیی لە جیهاندا فرۆشراون، یەکەم هونەرمەندە حەوت ئەلبوومی تاکە کەسییەکەی لە لیستی بەرهەمە پڕفرۆشەکانی 'بیلبۆرد 200'ـدا هاتووە.
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، بەهۆی بەرهەمەکانییەوە 32 خەڵاتی گرامی، 26 خەڵاتی ڤیدیۆمیوزیکی ئێم تیڤی، 24 خەڵاتی 'NAACP'، 31 خەڵاتی 'BET' و 17 خەڵاتی میوزیکی سۆڵ تراینی وەرگرتووە.