پەیام عەزیزی و سەفقان ئۆرکێش شیعرەکانی مەلای جزیری لە پاشیڤ پێشکێش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودخوێنێ رۆژهەڵاتی کوردستان و سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی رووداودا لە مانگی رەمەزان، شیعرەکانی مەلای جەزیری بەشێوەی موناجات پێشکێش دەکەن.
لە بەرنامەی شەوی رابردووی 'پاشیڤ'ـدا، مژارێک لەبارەی 'مەلای جزیری و دروستکردنی تەسەوفی کوردستانی' لەلایەن نەجاد زڤینگی، نووسەر و لێکۆڵینڤانی باکووری کوردستان و محەممەد ئەمین دۆسکی، نووسەر و لێکۆڵینڤانی باشووری کوردستان، گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا.
هەر لەو بڕگەیەدا، سەفقان ئۆرکێش، بە دەنگی خۆی شیعرێکی مەلای جەزیری بەناوی 'خەما ئەشقێ' پێشکێشکرد، دواتر پەیام عەزیزی، شیعرێکی دیکەی ئەو شاعیرە ناسراوەی کلاسیکی کوردی بەناوی 'ئەلاهـ سەحەرگاها ئەزەل' پێشکێشکرد.
هەر لەو بڕگەیەدا، نەجاد زڤینگی، شیعرێکی مەلای جزیری لەگەڵ ئاوازێک بە ژەنینی ئامێری قانوون پێشکێشکرد.
شەوانە سەفقان ئۆرکێش و پەیام عەزیزی، چەند بەرهەمێکی موناجات و سروودی ئایینی لە نێو بەرنامەکەدا پێشکێش بە بینەرانی رووداو دەکەن.
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.