تاریق شێخانی بەرهەمێک لەبارەی جەژنی رۆژووی ئێزی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی، هونەرمەندانی کوردی ئێزدی بە بەرهەمی نوێ پێشوازی لەو رۆژە دەکەن، تاریق شێخانی، هونەرمەندی کوردی ئێزدی، بەرهەمێکی لەمبارەیەوە بەناوی 'جەژنا رۆژیێ' بڵاوکردەوە.
 
رەشۆ ئایشان، تێکستی گۆرانییەکەی نووسیوە و بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمەکە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی تاریق شێخانی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و لە دەرهێنانی دلیار بۆزانییە و لە هانۆڤەری ئەڵمانیا وێنەگیراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆرانییەکە لە ئاواز و میکس و ماستەرینگی عومەر کورداخە و رێناس کورداخ دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و لەلایەن سیپان حەسکۆ تۆمارکراوە.
 
تاریق شێخانی، کوردی ئێزدییە و خەڵکی باشووری کوردستانە و ماوەی 15 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و لەو وڵاتە درێژە بە کاری هونەریی خۆی دەدات.
 
هەر بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا جەژنەکە بکرێتە پشووی فەرمی بۆ پێکهاتەی کوردانی ئێزدی.
 
جەژنی رۆژووی ئێزی هاوکاتە لەگەڵ یەکەم هەینی لە مانگی کانوونی یەکەمی رۆژهەڵاتی، کە ساڵانە سێ رۆژ دێتە پێش و کراوەتە پشووی فەرمی بۆ پێکهاتەی ئێزدی، ئەمساڵ لە 12 بۆ 15ی کانوونی یەکەمی 2023 دەبێت.