'مێسیی بەغدا' دوو خەڵات لە مەغریب و جەزائیر وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
"مێسیی بەغدا" دووەم فیلمی درێژی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە دوو فێستیڤاڵی فیلمی لە مەغریب و جەزائیر، دوو خەڵات بەدەستدێنێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 12ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی وەهران بۆ فیلمی عەرەبی بەشداربوو، خەڵاتی برۆنزی لیژنەی دادوەریی بەدەستهێنا و خەلیفە، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداری 60 فیلم لە بەشی جیاوازدا لە پێشبڕکێ دابوون و لە 4-10ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری وەهرانی جەزائیر بەڕێوەچوو کە شارێکی کەنار دەریاییە و دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە.
خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵە، دوای شەش ساڵ دابڕان، ئەمساڵ یەکەم خولی بەڕێوەدچێت، هۆکارەکەش، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند کێشەیەکی تایبەت بە فێستیڤاڵەکە بوون.
فیلمەکە وێنەیەکی کاریگەری واقیعی عێراق، لە رێگەی چیرۆکی حەموودی تەمەن 11 ساڵ دەخاتەڕوو کە لە پێناو تۆپی پێ دەژی و خەون بەوە دەبینێت ئایندەی وەک پاڵەوانەکەی، مێسی بێت. بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە بەغدا، قاچێکی لەدەستدەدات، بەڵام دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دایک و باوکی لە پێناو پاراستنی خێزانەکەیان، پاڵپشتی دەکەن.
"مێسیی بەغدا" لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازەبلانکا لە مەغریب، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا. چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 6-13ـی ئەیلوولی 2024 بەڕێوەچوو.
سەهیم عومەر خەلیفە کە لە زاخۆ لەدایکبووە و لە بەلجیکا دەژی و هەر لەو وڵاتە ماستەری لە سینەمادا بەدەستهێناوە، لە ئەیلوولی رابردوو، خەڵاتی تایبەتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی پێبەخشرا.
لە ئابی 2024، ئەم بەرهەمە لە دوای بەشداربوون لە 35 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا، بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2025 هەڵبژێردرا.
"مێسیی بەغدا" چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە، خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن لیژنەی دادوەری گەنجان لە 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شلینجل، باشترین فیلم، باشترین دەرهینەر و سیناریۆ لە 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا، فیلمی دەستپێکی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی، هەروەها خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر و ئاماژەپێدانی تایبەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا.
لە فیلمەکەدا ئەحمەد محەممەد، ئەسیر عادل، زەهرا غەندوور، سەفا نەجم و حوسێن حەسەن عەلی، رۆڵی تێدا دەگێڕن.
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
چیرۆکی فیلمەکە پێشتر وەک کورتەفیلم بەرهەمهاتووە براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کراوە.
سەهیم عومەر خەلیفە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە زیاتر لە 120 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوون و یەکێکە لە ئەندامانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو کە ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزار ئەندامن و بۆچوونیان لەبارەی فیلمەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار وەردەگیرێت.