دڵشاد کوێستانی داهاتی بەشێک لە تابلۆکانی بۆ کارێکی خێرخوازی تەرخان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دڵشاد کوێستانی، شێوەکاری کوردی دانیشتووی فەرەنسا، لە پێشانگەیەکدا بەشێک لە تابلۆکانی بۆ فرۆشتن دەخاتەڕوو و داهاتی پێشانگەکە بۆ پڕۆژەیەکی خێرخوازی تەرخان دەکات.
 
دڵشاد کوێستانی، بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە 31 تابلۆ لەخۆدەگرێت و بۆ ماوەی یەک مانگ لە گەلەری دامەزراوەی ڤیم لە پشتی پارکی دایک لە شاری سلێمانی دەکرێتەوە و تابلۆکان بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو و هاتن بۆ هەمووانە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نرخی تابلۆکان لە نێوان هەزار بۆ سێ هەزار دۆلاری ئەمریکییە، داهاتەکەیشی بۆ پڕۆژەیەکی خێرخوازی تەرخان دەکرێت، گوتیشی "پڕۆژەکە بریتییە لە کردنەوەی سەنتەرێکی کاری بەرگدروویی و راهێنانی ژنانی کەم دەرامەت و خێزانی شەهیدان بەو پیشەیە و بە بازاڕکردنی بەرهەمکانیان لە بازاڕدا، ئەمەش دەبێتە سەرچاوی داهات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان".
 
پێشانگە کاژێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 15-5-2022 دەکرێتەوە و یەک مانگ بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە دوای کاژێر 2:00 نیوەڕۆ پێشوازی لە هۆگرانی ئەو هونەرە دەکرێت.
 
پێشانگەکە بەناوی 'بۆنی خاک'ـە و پێشتر لە هەولێر و سلێمانی کراوەتەوە و لەم پێشانگەیەدا چەند تابلۆیکی نوێش لە خۆدەگرێت.
 
ناوەڕۆکی تابلۆکان لەبارەی هەست و سۆزی هونەرمەندێکی شێوەکاری دانیشتووی تاراوگەیە بۆ وڵاتەکەی کە کوردستانە.
 
پێشانگەی 'بۆنی خاک' لە 1-11-2021 لە گەلەری میدیای هەولێر کرایەوە و 20 تابلۆی ئەو شێوەکارە خرانەڕوو.
 
دڵشاد کێوستانی، ناوی تەواوی دڵشاد محەممەد ئەمین مەجیدە، لە 13-8-1957 لە گەڕەکی ئیمام قاسم لە کەرکووک لە دایکبووە، دەستپێکی کاری هونەریی گۆرانیگوتن بووە و شیعریشی نووسیووە، دواتر رووی لە هونەری وێنەکێشان کردووە.
 
لە 1961 لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە سلێمانی کردووە، لە 1980 بووەتە پێشمەرگە و تاوەکو1985  بەردەوام بوو، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە 1994 بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە کوردستانی جێهێشتووە و لە فەرەنسا نیشتەجێ بووە.
 
لە 1996 لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا لە یۆنان بەشداربووە، لە 2005 وەک سەرۆکی رێکخراوی کولتووری فەرەنسی و ئەفریقی دەسنیشانکراوە، لە 2017 پێشانگەیەکی تایبەتی بەناونیشانی 'سەفەرێک بە ناو رۆحدا' لە سلێمانی کردووەتەوە.
 
ئەو شێوەکارە کوردە، گەلەری تایبەت بەخۆی لە فەرەنسا هەیە، زیاتر لە 70 پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە و لە زیاتر لە 30 پێشانگەی هاوبەشدا بەشداربووە، بەرهەمەکانی لە زیاتر لە 18 وڵاتدا خراونەتەڕوو. 
 
کوێستانی، وەک ئەکتەرێک لە چەند فیلمێکی فەرەنسی و کوردیدا بەشداربووە و چەندین خەڵاتی هونەریی پێبەخشراوە، بەتایبەت لە فەرەنسا.