ئاگرین دڵشاد بەرهەمێکی نوێ بەناوی 'ئەی خودا' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئاگرین دڵشاد، دوای پێنج ساڵ لە بڵاونەکردنەوەی هیچ بەرهەمێکی نوێی تایبەت بەخۆی، ئەمشەو بەرهەمێکی نوێ بەناوی "ئەی خودا" بڵاودەکاتەوە.
هونەرمەند تیزەر و باکستەیجی بەرهەمەکەی لە یوتیوبەکەی بڵاوکردووەتەوە، بڕیارە کاژێر 10 ئەمشەو چوارشەرممە 12ـی ئاداری 2025 ڤیدیۆکلیپەکەی بڵاوبکرێتەوە.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی بەرهەمەکەی دەڵێت، لە دوای پێنج ساڵ نەبوونی بەرهەمی نوێ، گۆرانییەکی نوێ بەناوی "ئەی خودا" بڵاودەکاتەوە.
روونیشیکردەوە، تێکست، ئاواز و ڤیدیۆی گۆرانییەکە، هەستی راستەقینەی ئەو لەخۆدەگرێت و پەیوەندی بە ئەزموونی خۆیەوە هەیە.
ئاگرین دڵشاد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بڕیاربوو ساڵی رابردوو بەرهەمەکە ئامادە بێت، بەڵام بەهۆی سەختی بەرهەمهێنانییەوە، بۆ ئەمساڵ دواخرا.
ئاگرین دڵشاد خەڵکی کەرکووکە و بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆسە لە بواری میوزیکدا هەیە. لە 2007ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا لە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی بۆ دۆزینەوەی بەهرەی بەهرەمەندانی بواری گۆرانی دادوەر بووە.
ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 100 کاری هونەریی لە بواری دابەشکردنی میوزیک، نووسینی تێکست و میلۆدی هەیە.
یەکەمین ئەلبوومی گۆرانییەکانی بە ناوی "تێناگەی" لە 2020ـدا بڵاوکردەوە، ئەلبوومی دووەمی بە ناوی "رەنگار" لە ئەیلوولی 2021 بڵاوکردەوە.
ئاگرین دڵشاد، جگە لە بواری هونەری، لە بوارەکانی پەروەردە و ژینگە و ئاژەڵدۆستیدا چەندین کەمپەینی مەیدانی و هۆشیارکردنەوەی ئەنجامداوە بۆ برەودان بە پرسەکانی چاندنی نەمام و زیادکردنی رووبەری سەوزایی و پێدانی خواردن بە ئاژەڵانی بێلانە.