ئەمڕۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەربەیانی ئەمڕۆ 95مین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەبچێت، 'Everything Everywhere All at Once' بەربژێری خەڵاتی 11 خەڵاتە و بەربژێری بەهێزە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە وەرزی خەڵاتەکانی ئەمساڵدا توانی 264 خەڵات لە کۆی 404 بەربژێربوون؛ بەدەستبینێت، میشێل یوهـ، ئەکتەری مالیزی رۆڵی سەرەکی لەم بەرهەمە سینەماییەدا دەگێڕێت و بە بردنەوەی ئەو خەڵاتە، دەبێتە یەکەم ئەکتەری ئاسایی ژن، خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن بباتەوە.
بۆ یەکەمجار ژماریەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی بە رەچەڵەک ئاسیایی بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کراون و بە بڕوای شارەزایانی ئەم بوارە، ئەو گرنگیدانە بە هونەرمەندە بە رەچەڵەک ئاسیاییەکان "دواکەوتووە".
لە خولی ئەمساڵدا هەریەک لە میشێل یۆهـ، کی هیۆ کوان و ستیڤانی هسۆ لە رێگەی فیلمی 'Everything Everywhere All at Once' بەربژیری خەڵاتی ئۆسکارن بۆ باشترین نواندن و ئەم بەرهەمە سینەماییە چانسێکی زۆری هەیە ببێتە براوەی ئۆسکاری باشترین فیلم.
لەلایەکی دیکەوە هۆنگ چاو کە رۆڵی لاوەکی لە فیلمی 'The Whale' دەگێڕێت، ئەکتەرێکی دیکەی ئاسیاییە کە بەربژێری ئۆسکارە.
ژمارەی هونەرمەندە بە رەچەڵەک ئاسیاییەکان کە ئەمساڵ بەربژێری ئۆسکارن، هاوتای ژمارەی ئەو هونەرمەندە ئاسیاییانەیە کە لە مێژووی ئۆسکاردا خەڵاتیان بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە فیلمی هیندی 'R R R' بەربژێرێکی بەهێزە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین گۆرانی و کازوو ئیشیجورو، براوەی خەڵاتی نۆبڵ، بەربژێری خەڵاتی ئۆسکارە بۆ باشترین سیناریۆ لە رێگەی فیلمی 'Living'.
ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئۆسکاردا دەکرێت کە 60 ساڵە گۆڕنکاری وای بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەویش گۆڕینی رەنگی فەرشی سوورە بۆ رەنگی بێجی کاڵ یاخود رەنگی 'Champagne'.
ئەمساڵ رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوەتە بەر، بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوی هاوشێوەی 94مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەلاتەکانی ئۆسکار، کاتێک ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر، زللـەیەکی لە کریس رۆک، پێشکێشکاری ئۆسکاردا و بەهۆیەوە ئەو ئەکتەرە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە هەموو چالاکییەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار دوورخرایەوە.
تۆڕی میدیایی روودا رووماڵی ئەو رووداو، وەک هەموو ساڵێک رووماڵێکی تایبەتی رێوڕەسمی خەڵاتی ئۆسکار دەکات.
95مین رێوڕەسمی ئۆسکار لە 13ـی ئازاری 2023 لە شانۆی دۆڵبی لە هۆلیوود بەڕێوەدەچێت، هەردوو فیلمی 'Avatar: The Way of Water' و 'Top Gun: Maverick' کە خاوەنی زۆرترین داهاتی 2022 و 2023ـن، بەربژێری خەڵاتەکانی ئۆسکارن.
لە پاڵ ئەو دوو فیلمە، هەریەک لە فیلمی 'All Quiet on the Western Front' ،'The Banshees of Inisherin'، 'Elvis'، 'The Fabelmans' و 'Tár' بەربژێری خەڵاتەکانی ئۆسکاران.
پێشتر لیستی فیلم و سینەماکارە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار بڵاوکراوەتەوە و فیلمی 'Everything Everywhere All at Once' لە پێشەنگی فیلمە بەربژێرکراوەکانە و بۆ 11 خەڵات بەربژێرکراوە.
لە بەشی باشترین فیلم، 10 فیلم بۆ خەڵاتی باشترین فیلم بەربژێرکراون کە بە گرنگترین خەڵات هەژمار دەکرێت و لەو بەشەدا، فیلمی 'Everything Everywhere All at Once'، ' The Banshees of Inisherin'، 'The Fabelmans'، 'Tár'، 'Top Gun: Maverick' و 'Avatar: The Way of Water' بەرچاو دەکەون.
لە 24ـی کانوونی دووەمی 2023 بەربژێرکراون لە شانۆی ساموێل گۆڵدوین لە ئەکادیمیا ئۆسکار لە شاری بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا راگەیێندران.
لە بەشی باشترین خانمە ئەکتەرەدا، ناوی هەریەک لە ئانا دی ئارماس لە فیلمی 'Blonde'، کەیت بڵانچێت لە فیلمی 'Tár'، ئەندریا رایسبۆرۆ لە فیلمی 'To Leslie'، میشێڵ ویلیازم لە فیلمی 'The Fabelmans'، میشیڵ یۆهـ لە فیلمی 'Everything Everywhere All at Once' بەرچاو دەکەون.
لە بەشی باشترین ئەکتەری پیاودا، ناوی هەریەک لە برێندەن فرەیزەر لە فیلمی'The Whale'، کۆڵین فارێل لە فیلمی'The Banshees of Inisherin'، ئۆستن باتلەر لە فیلمی'Elvis'، بیل نای لە فیلمی 'Living' و پۆڵ مێسکاڵ لە فیلمی 'Aftersun' بەرچاو دەکەون.
لە بەشی باشترین فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا، فیلمی 'All Quiet on the Western Front' لە ئەڵمانیا،'Argentina, 1985' لە ئەرجەنتین،'Close' لە بەلجیکا،'EO' لە پۆڵەندا و 'The Quiet Girl' لە ئێرلەندا بەرچاو دەکەون.
هەریەک لە فیلمی'Everything Everywhere All at Once' ،' The Banshees of Inisherin' ، 'The Fabelmans'،'Tár' و 'Triangle of Sadness' بەربژێری خەڵاتی ئۆسکارن بۆ باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ.
لە بەشی فیلمە ئەنیمەیشنەکەندا، فیلمی'Guillermo del Toro’s Pinocchio' ،'Marcel the Shell With Shoes On'،'Puss in Boots: The Last Wish' ،'The Sea Beast' و 'Turning Red' بەربژێری خەڵاتی ئۆسکارن.
یەکێک دیکە لە خەڵاتە گرنگەکان، خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە و لەم بەشەدا هەریەک لە مارتن مەکدۆنا دەرهێنەری فیلمی'The Banshees of Inisherin'، تۆود فیلد دەرهێنەری فیلمی'Tár'، رۆبن ئاسلند دەرهێنەری فیلمی 'Triangle of Sadness'، دانیاڵ کوان و دانیاڵ سچەینێرت هەردوو دەرهێنەری فیلمی 'Everything Everywhere All at Once' و ستیڤن سپیڵبێرگ دەرهێنەری فیلمی .'The Fabelmans'
ئۆسکار بە گرنگترین خەڵات لە هونەری حەوتەمدا دەناسرێت و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و وێنەی جوڵا پێشکێش دەکرێت.
خەڵاتی ئۆسکار لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێندراوە کە لە شێوەی سێدریک گیبنسە، یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1929 بووە، لە 1930 بۆ یەکەمجار رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە رادیۆ گواستراوەتەوە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە تەلەڤزیۆن پەخشکرا.