سەفقان ئۆرکێش بەرهەمێک لەبارەی قوربانییانی بوومەلەرزە بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان کە لە زۆربەی بۆنە و کارەساتەکاندا بەرهەمی هەیە، ئەمجارە بەرهەمێکی لەبارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوا و باکووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
بەرهەمەکە بەناوی 'جندرێس'ـە و لە تێکستی خالید عومەرە و لە تێکستی سەفقان ئۆرکێشە و لە ستۆدیۆی ئەمیر حەسەن تۆمارکراوە.
ئەم بەرهەمە بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوكراوەتەوە و چەندین دیمەنی ناخ هەژێنی بوومەلەرزە لە جندرێسی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت، هەروەها چەند دیمەنێکی قوربانییان و لێقەوماوانی ئەو کارەساتە سرووشتییەی باکووری کوردستان.
ئەم بەرهەمە نوێیە لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش بڵاوکراوەتەوە.
سەفقان ئۆرکێش ناوی تەواوی محەممەد رەمەزان حەسەنە، لە 1976 لە عامودای رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لە پارچە تەنەکە و دار ئامێری سازی دروستکردووە و میوزیکی ژەنیوە.
لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئاگری گۆرانی گوتووە، بەرهەمەکانی لەسەر کاسێت تۆمار و بڵاوکراوەنەتەوە، ئەو کات یەکەم منداڵ بووە لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، دواتر لەگەڵ گرووپی میوزیکی ئۆرکێش کاری کردووە.
ئۆرکێش، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەندین گۆرانی تاک و ڤیدیۆکلیپیە، جگە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کۆنسێرت و ئاهەنگی لە رووسیا، ئیمارات و قەتەر گێڕاوە.
جگە لە گۆرانیگوتن، توانای ژەنینی چەندین ئامێری میوزیکی هەیە و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی لە نووسین و ئاوازی خۆیەتی.
ئەو هونەرمەندە کوردە وەک پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە و جگە لە بەرنامەی 'پاشیڤ'، دوو بەرنامەی دیکەی بەناوی 'ئاوازێن رۆژئاڤا' و 'ژ رۆژئاڤا' پێشکێشکردووە.
سەفقان ئۆرکێش، لە قامشلۆ دەژی و پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە هەر دۆخێکدا بێت، ئامادە نییە جێبیهێڵێت و لە کوردستان دەمێنێتەوە.