جۆنی دێپ وەکو دەرهێنەر دەچێتە سەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور، بەوە ناسراوە زۆرترین ئەستێرە دیارەکانی سینەمای جیهان بانگهێشت دەکات، یەکێک لە میوانە دیارەکانی ئەمساڵی جۆنی دێپ، ئەکتەری نێوداری هۆلیوودە، بەڵام وەکو دەرهێنەر دەچێتە سەر فەرشی سوور.
دوای ئەوە لە رۆژانی رابردووی فێستیڤاڵ ئەستێرەی وەکو ویڵ سمیس، ڤێن دیزڵ، برێندن فریزەر، سپایک لی، ڤیۆلا دێڤیس، ئاندرۆ گارفێڵد، جێرمی رینەر و ئیمێڵی بڵانت لە هۆلیوود، عامر خان، کارینا کاپوور، رانبێر کاپوور و شرادا کاپوور لە بۆلیوود، توبا بیوکستن، نوورگوڵ یەشیلچا و ئەنگین ئاڵتان لە تورکیا، یوسرا، لەیلا علوی، نادیە جوندی، ئیلهام شاهین، لبلبە لە سینەمای میسری و عەرەبی هێنایە سەر فەرشی سوور، بۆ کۆتایی رێوڕەسمی فەرشی سوور و دابەشکردنی خەڵاتەکان، جۆنی دێپی بانگهێشتکردووە.
دێپ، بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Modì, Three Days on the Wing of Madness" سبەی پێنجشەممە، لە فێستیڤاڵ ئامادە دەبێت کە کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
ساڵی رابردوو جۆنی دێپ بە فیلمی "Jeanne Du Barry" لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و سعودیە لە بەرهەمهێنانیدا بەشداربوو. دێپ، لە دوای 25 ساڵ دوورکەوتنەوە لە دەرهێنانی فیلمە درێژەکان کە دوایین فیلمی بەناوی ''The Brave" بوو لە 1997، دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە کردووە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لەبارەی ئامەدێیۆ مودێلیانی، هونەرمەندی ئیتاڵییە و تیشک دەخاتە سەر 48 کاژێر لە ژیانیدا کە لەو ماوەیدا تەواوی ژیانی دەگۆڕێت.
دێپ، لە دوای سەرکەوتنی لە دۆسیەی ناوزڕاندنی لەلایەن ئەمبێر هێرد، هاوژینی پێشووی، دووبارە گەڕاوەتەوە نێو دنیای هونەر و پێشنیاز و دەرفەتی کاری سینەمایی زیاتری بۆ رەخساوە.
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی دێپ لە رێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێڕاوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
ئەم ساڵ فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەدەچێت، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشدارن، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان دەبێت و ستافی فیلمەکان ئامادە دەبن.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکەیە و رووماڵی چالاکییەکانی دەکات، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کرد و فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن " کە رووداو هاوبەشی بەرهەمهێنایەتی، بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
48 فیلم یەکەم پێشاندانی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، فیلمە عەرەبییە بەشداربووەکان ژمارەیان 66 فیلمە، 34یان فیلمی سعودین و 36 بەرهەمهێنەری فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان دەکەن.
رێکخەرانی فێستیڤاڵ بە بانگهێشتکردنی ئەستێرەکانی سینەما و پاڵپشتی لە پڕۆژە سینەماییەکان، ناوبانگییەکی زۆریان بۆ فێستیڤاڵەکە دروستکردووە و ئێستا یەکێک لە گرنگترین رووداوە سینەمایی و هونەرییەکانە لە ناوچەکەدا و ناوبانگی لە ئاستی جیهانیشدا هەیە.
هەڵکەوت مستەفا، دەهێنەری کورد، بۆ ساڵی دووەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، ساڵی رابردوو بە بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” و ئەمساڵ بە پڕۆژەی بەڵگەفیلمی “فاروق” و تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانی هەردوو پڕۆژەکەدا بەشدارە.
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە درێژەکانی فێستیڤاڵەکەدا 16 فیلم لە کێبڕکێدان، فیلمی سینەمایی "Moon" بەشدارە و لە دەرهێنانی کوردڤین ئەیوب، دەرهێنەری باشووری کوردستان و دانیشتووی نەمسایە و تاکە فیلمی کوردییە لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا.
فیلمەکەی باس لە کچە یاریزانێکی هونەری جەنگی نەمسا دەکات بەناوی سارا، دەچێتە ئوردن بۆ راهێنان کردن بە سێ کچ لە ماڵباتێکی دەوڵەمەند کە ئازادییان نییە و لە کۆشکێکدا دەژین.