'زمانی دایک' براوەی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک

رووداو دیجیتاڵ 

'زمانی دایک' بەڵگەفیلمێکی کوردییە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، لەگەڵ پێنج فیلمی دیکە لە بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە کوردییەکاندا بوو و توانی خەڵاتی ئەو بەشە بباتەوە.
 
فیلمەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و لە دەرهێنانی سەرکێو مسگەرییە و بەرهەمی 2021ـە و هەر لەو ساڵەدا لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکراوە و ماوەکەی 43:14 خولەکە.
 
لەم بەرهەمەدا تیشک دەخرێتە سەر تێپەڕبوونی زیاتر لە 90 ساڵ لە دامەزراندنی قوتابخانەی مۆدێرن و نوێ لە رۆژھەڵاتی کوردستان، تەنانەت بە دابینکردنی ماددە و بڕگەی یاسایی، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن سیستمی پەروەردەیی وڵاتی ئێرانەوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ژمارەیەک چالاکڤان و وانەبێژی خۆبەخش ھەوڵ دەدەن لە گوند و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان پۆلی خوێندن بە زمانی کوردی بکەنەوە، بەڵام زۆر جار کێشە و گرفتیان بۆ دروست دەبێت.
 
لە پێشبڕکێی بەڵگەفیلمە کوردییەکاندا، 'گۆڕستانی زیندووان' لە دەرهێنانی فریا یونسی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'زمانی دایکی' لە دەرهێنانی سەرکێو مسگەری، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'رۆژێک' لە دەرهێنانی زەینێ ئاکیۆ، دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'شەڤا رەش' لە دەرهێنانی کەرەم تەکۆگلو، دەرهێنەری باکووری کوردستان، 'For Justice' لە دەرهێنانی ئیلاف یاگیت، دەرهێنەری باکووری کوردستان و 'The Pasha, My Mother and I' لە دەرهێنانی نەڤینە گەریتس، دەرهێنەری کوردە لە کێبڕکێدابوون.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 بە فیلمی 'بووکا بارانێ' دەستیپێکرد و 8ـی کانوونی یەکەمی 2022 کۆتایی دێت.
 
بۆ خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، 570 فیلم نێردرابوون و لەو ژمارەیە تەنیا 98 فیلم بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا هەڵبژێردران، 51 فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردی.
 
کێبڕکێی فێستیڤاڵ لەنێو 55 فیلمدا دەبێت، 27 فیلم کوردی و 28 فیلمی بیانین کە لە بەشی فیلمی بڵند، بەڵگەفیلمی درێژ، کورتەفیلم و چەند بەشێکی دیکەی بۆ فیلمی کوردی و بیانی کێبڕکێ دەکەن.
 
مژاری سەرەکیی خولی ئەمساڵ فێستیڤاڵ 'کۆچبەری'یە و جگە لە پێشاندانی فیلم لە سینەماکاندا، لە کەمپی دۆمیزیش پێشاندران کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان.
 
بۆ خولی ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی کورد و بیانی ئامادەبوون.
 
پۆستەری نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لەلایەن یانا ڤەکشینا، گرافیک دیزاینەر و ئیڵوسترەیتەری ئۆکراینی – ئەڵمانی داڕێژراوە کە گوزارشت لە تەوەری ئەمساڵی فێستیڤاڵ دەکات ئەویش کۆچبەرییە، سیمای کەسێک نیشان دەدات کە دوو منداڵ لە نێو دەستەکانی دایە و لە پێشیاندا تەڵبەند هەیە و بووەتە بەربەستێگ بۆ ئەو کەسانەی بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵیان دەرکراون و ئێستا بە شوێن جێگەیەکدا وێڵن تا بە ماڵ بانگی بکەن.
 
ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک جیاوازییەکی دیکە لە بەرنامەکانیدا بەدی دەکرێت و بۆ یەکەمجار ژێرنووسی کوردی بە فیلمە بیانییەکان کراوە و لەنێو 52 فیلمدا، ژێرنووس بۆ 30 فیلم کراوە.