دلبرین ئاکرەیی "یارا نازەنین" کلیپ دەکات

رووداو – هەولێر

دلبرین ئاکرەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کاری وێنەگرتنی بۆ یەکێک لە گۆرانییەکانی لە هۆڵەندا ئەنجامدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک ڤیدیۆکلیپ بڵاویدەکاتەوە.

دلبرین ئاکرەیی، بە رووداوی راگەیاند "بەم دواییە کاری وێنەگرتنم بۆ ڤیدیۆکلیپی یەکێک لە گۆرانییەکانم بەناو "یارا نازەنین" ئەنجامدا کە شەشەم تراکی ئەلبوومی خەیاڵە".

ئەوەشی خستەڕوو "ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن كۆمپانیای یاد میدیا ستۆدیۆ بەرهەمدێت و باڤێل سەرهەنگ کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی بۆ دەکات و بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە".

گۆرانی "یارا نازەنین" لە تێکستی سەبری بۆتانییە و مەحموود ئاکرەیی ئاوازی بۆ داناوە.

دلبرین ئاکرەیی، لە هۆڵەندا نیشتەجێیە و خاوەنی ئەلبوومێکی گۆرانییە بەناوی "خەیاڵ" کە لە 10 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و بڕیارە بەم نزیکانە ئەم ئەلبوومە بگاتە باشووری کوردستان و بڵاوبکرێتەوە.

دلبرین، کوڕی گۆرانیبێژ مەحموود ئاکرەییە و نیشتەجێی هۆڵەندایە، لە بواری کۆمپیوتەردا خوێندوویەتی و ئێستا ئەندازیاری کۆمپیوتەرە.