تایلەر سویفت پاڵپشتی لە کامالا هاریس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای بەڕێوەچوونی دیبەتی دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، لە شاری فیلادێلفیای ئەمریکا، تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، پاڵپشتی خۆی بۆ هاریس راگەیاند.
ئەو هونەرمەندە جیهانییە، دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە، پۆستێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام کردووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 دەنگ بە کامالا هاریس و تیم والز، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەدات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو دەنگ بە هاریس دەدات، چونکە ئەو لە پێناو ماف و پرسەکان هەوڵدەدات، بە بڕوای ئەو، هاریس پێویستیی بە جەنگاوەرێکە پاڵپشتی بکات.
سویفت لەو بڕوایەدایە کە هاریس سەرکردەیەکی لێهاتوو و جێگیرە. گوتیشی، لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا، دەتوانن زۆر دەستکەوت لە وڵاتەکەیاندا بەدەستبێنن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024 (بە کاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هۆڵی ناوەندی دەستووریی نیشتمانی لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.