هەینی فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' لە سلێمانی پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی کۆمیدی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" کە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا و رێشان حەمۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لە جەژنی قوربان، لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک نمایش دەکرێت، پێشاندانی تایبەتیشی لە سلێمانی دەبێت.
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری فیلمەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 7:00ـی ئێوارەی هەینی 14ـی حوزەیرانی 2024، رێوڕەسمی پێشاندانی تایبەتی فیلمی کۆمێدی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە ستی سینەما لە سلێمانی بەرێوەدەچێت. بینەرانی فیلم دەتوانن بلیتی رۆژی هەینی بەدەست بێنن و لە هەمان رۆژی پێشاندانی تایبەتی فیلمەکەدا، بینەری ئەم بەرهەمە بن.
سۆران عوسمان گوتی، تەواوی ستافی فیلمەکە لە رۆژی پێشاندانی تایبەتی ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە سینەمادا ئامادە دەبن.
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتووفە و چەند ئەکتەرێکی دیکە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لەوانەش سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ، جگە لە ژمارەیەک ئەکتەری دیکە لە رۆڵی لاوەکیدا. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
کات و شوێنی پێشاندانی فیلمەکە لە جەژنی قوربان و رۆژانی دواتر، بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر، لە هۆڵی میدیا دەبێت کە سیستەمی دەنگی پێشکەوتووی دەنگی بۆ دانراوە، رۆژانە لە کاژێر 5:30ـی و 8:00ـی ئێوارە و 10:00ـی شەو.
سلێمانی، لە ستی سینەما دەبێت، لە کاژێر 1:00ـی نیوەڕۆ، 3:15 خولەک و 5:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ، 6:30 خولەک و 8:00ـی ئێوارە و 9:00 و 10:00ـی شەو.
کەرکووک، لە سینەما تایم سەنتەر مۆڵ دەبێت، رۆژانە لە کاژێر 2:00ـی نیوەڕۆ، 4:00ـی دوای نیوەڕۆ، 6:00 و 8:00ـی ئێوارە.
دهۆک، پێشاندانی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە کاژێر 3:30ـی دوای نیوەڕۆ و 7:00ـی ئێوارە لە دهۆک مۆڵ دەبێت.
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە. لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن.
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
شوان عەتووف، دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو، لەم بەرهەمەدا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرامبەر بە مرۆڤ نەوەستاوە، بەڵکو لەو سەردەمەی کە ئەو ڤایرۆسە بڵاوبووەوە، کۆمەڵێک حاڵەتی تراژیدی، کۆمێدی و فەنتازی دروستبوون، لە رێگەیەوە کۆمەڵێک قسەی دیکەی کردووە، تەنانەت بابەتی ئەوەی، ئەگەر لە فیلمەکەدا کارەکتەرێک تووشی کۆرۆنا بووبێت، ئەویشی بە کۆمیدی خستووەتەڕوو.
فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی.