هۆلیوود ئامادەبوونێکی بەهێزی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاندا دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشێکی هۆلیوودی لە شاری کانی فەرەنسا بەدی دەکرێت کە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستیپێکردووە و ئەمساڵ ژمارەیەک فیلمی هۆلیوود و فیلمسازانی ئەمریکا بەشدارن.
ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵ و بەشداری بەهێزی سینەمای هۆلیوود لە فیستیڤاڵەکەدا؛ لە کاتێکدایە کە مانگرتنی نووسەرانی سیناریۆ لە ئەمریکا هەیە و بەهۆیەوە کاری وێنەگرتنی چەندین بەرهەمی سینەمایی وەستاوە.
لە خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەدا، دوو فیلمی بەهێزی ئەمریکی بەشداربوون، ئەویش فیلمی 'Elvise' و 'Top Gun: Mavric' بوون.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 16 – 27ـی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچن، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانییە، ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
ئەو زنجیرە فیلمە بیرۆکەی جۆرج لۆکاس و لە دەرهێنانی ستیڤن سپێلبێرگ بووە، لە بەشی نوێیدا فۆرد لە تەمەنی 80 ساڵیدا بەشدارە و رۆڵێکی ئەکشنی هەیە.
جگە لەم بەرهەمە، پێشتر بەشی چوارەمی زنجیرە فیلمەکە بەناوی 'Indiana Jones and the Kingdom of the Crystal Skull' لە 2008 یەکەم پێشاندانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بوو و بۆ ماوەی چوار خولەک چەپڵەی بۆ لێدرا.
بڕیارە بەشی پێنجەمی فیلمەکە لە 30 حوزەیرانی 2023 لە سینەماکانی ئەمریکا و 28 هەمان مانگ لە سینەماکانی فەرەنسا پێشاندەدرێت.
بڵاوکردنەوەی بەشی پێنجەمی 'Indiana Jones' لە دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر دوایین بەشیدا و چوار دەیە بەسەر یەکەم بەشیدا تێدەپڕێت کە لە 1981 بڵاوکرایەوە.
مارتن سکۆرسیزی، ناوێکی دیکەی دیاری سینەمای هۆلیوود و ئەمریکایە و بە فیلمی 'Killers of the Flower Moon' لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە کە هەریەک لە لیۆناردۆ دیکاپریۆ و رۆبێرت دی نیرۆ رۆڵی تێدا دەگێڕن.
بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 200 ملیۆن دۆلارە، بەمەش 40 ساڵ بەسەر دوایین بەشداربوونی سکۆرسێزی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، ئەویش لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە 1986 بوو.
'Killers of the flowers moon' رووداوەکانی لە ئۆکلاهۆما لە بیستەکانی سەدەی رابردوو روودەدەن و تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک تاوان کە ئەو سەردەمە بە "سەردەمی تیرۆر" ناسراوە.
سکۆرسێزی مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ کان هەیە، لە 1979 لە رێگەی فیلمی 'Taxi Driver' خەڵاتی چڵەخورمای زێڕێنی بەدەستهێناوە، دوای 10 ساڵ، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
ئەو فیلمسازە جیهانییە، لە 1998 وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵەکەدا کاری کردووە، لەو ساڵەدا فیلمی 'Eternity and a Day' بووە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵەکە.
میوانێکی دیکەی ناسراو لە ئەمریکاوە بەرەو فەرەنسا دەفڕێت، ئەویش مایکل دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکییە، ئەو وەک میوانێکی جیاواز پێشوازی لێدەکرێت و خەڵاتی رێزلێنانی چڵەخورمای زێڕینی پێدەبەخشرێت، کە پێشتر ژمارەیەک ناوی درەوشاوەی سینەما؛ خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە، لەوانەش جۆن پیێر لێیۆ و جودی فۆستەر.
خەڵاتەکە رێزلێنانە لە تەمەنێک چالاکی هونەریی ئەو ئەکتەرە و بڕیارە رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 لە 76مین خولی فێستیڤاڵەکە پێی ببەخشرێت کە دەکاتە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵ.
بێری لاسرن، ئەکتەری ئەمریکی تەمەن 33 ساڵ، یەکێکی دیکە لە ئەستێرەکانی نەوەی نوێی سینەمای هۆلیوودە و بە کارەکتەری 'کاپتن مارڤل' ناسراوە، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکەیە.
جگە لە ستۆدیۆ و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی لە ئەمریکا، بەرهەمی پلاتفۆرمە گەورەکانی فیلم لەو وڵاتە بەشدارن، لەوانە 'ئەپڵ'، بەڵام پلاتفۆڕمی نێتفلێکس تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر پێشان نەدانی بەرهەمەکانی لە سینەما، بەو هۆیەوەش رێگە بە بەشداری بەرهەمکانی لەو فیستیڤاڵدا نادرێت.
لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا، 21 فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکەن، بەشێک لە دەرهێنەران ئامانجیانە بۆ جاری دووەم خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵ وەربگرن، لەوانە نانی مۆریتی، دەرهێنەری ئیتاڵی و نووری بێلگە جەیلان، دەرهێنەری تورک، بەڵام کەن لۆچ، دەرهێنەری بەریتانی دەیەوێت بۆ جاری سێیەم خەڵاتەکە بباتەوە و ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگی بە فیلمسازانی ژن دراوە و بەرهەمی حەوت دەرهێنەری ژن لە پێشبڕكێی سەرەکیدان، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە فێستیڤاڵەکەدا تۆمار دەکرێت، یەکێک لە دەرهێنەرەکان، راماتا تۆلای سی، دەرهێنەری فەرەنسی بە رەچەڵەک سەنیگالییە کە بە یەکەم فیلمی درێژی 'Banel & Adama' بەشدارە.
'Jeanne du Barry' لە دەرهێنانی ماوین، دەرهێنەری فەرەنسی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە دیاریکراوە و پێشبینی دەکرێت باس و خواسی زۆر لە فێستیڤاڵەکەدا بەدوای خۆیدا بێت، چونکە بەم دواییە رۆژنامەڤانێک سکاڵای بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەری لە چێشتخانەیەک لەسەر تۆمارکردووە.
ماوین جگە لە کاری دەرهێنەری، وەک ئەکتەریش لە فیلمی 'Jeanne du Barry' رۆڵ دەگێڕێت کە ئەکتەری سەرەکی جۆنی دێپ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بەم دواییە ئاشکرا کرا کە ئال پاچینۆ، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی تێدا دەگێڕێت.
دەرکەوتنی جۆنی دێپ لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان جێی بایەخ دەبێت، چونکە یەکەم بەرهەمیەتی لە دوای کێشەی لەگەڵ ئێمبەر هێرد، ئەکتەر و هاوژینی پێشووی کە بە تووندووتیژی خێزانی تۆمەتباریکردبوو و بەهۆیەوە ئەو ئەکتەرە لە تەواوی پڕۆژە سینەماییەکان دوورخرایەوە و دەرفەتی کاری پێ نەدەدرا، بەڵام دواتر دادگە پێچەوانەی تۆمەتەکان، دێپی بێ تاوان ناساند و بڕیاردرا هێرد بە 10 ملیۆن دۆلار قەرەبووی دێپ بکاتەوە.
بەم دواییە پۆستەری فەرمی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بڵاوکرایەوە کە وێنەیەکی جاک گارۆفالۆ، ئەکتەری فەرەنسی لە فیلمی 'La Chamade' بە رەش و سپی لەخۆگرتووە.
کیارا ماسترۆیانی، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئیتاڵی - فەرەنسی، وەک پێشکێشکاری رێوڕەسمی دەستپێک و کۆتایی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستنیشانکراوە کە کچی کاترین دونۆڤ، ئەکتەری فەرەنسی و مارچێلۆ ماسترۆیانی، ئەکتەری ئیتاڵییە.
کیارا ماسترۆیانی، لە 2019 لە رێگەی فیلمی 'On a Magical Night' توانی خەڵاتی باشترین رۆڵ لە بەشی 'تێڕوانینێک' لە فێستیڤاڵی کان بەدەستبێنێت.
ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی کان گرنگییەکی زۆر بە سینەمای ئیتاڵیا دراوە و سێ فیلمی ئەو وڵاتە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدان.
رۆبن ئاستلەند، دەرهێنەری سوێدی و براوەی دوو خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین، وەک سەرۆکی دەستەی دادوەری 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەستنیشانکرا کە چالاکییەکانی لە 16-27ـی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچێت.
پەنجا ساڵ بەسەر دوایین سەرۆکی ئەو دەستەیە تێدەپەرێت کە فیلمسازێکی سوێدی بێت، ئەویش ئێنگرید بێرگمان بوو.
لەمبارەیەوە ئاستلەند، رایگەیاند: "بڕوای تەواوم بەوە هەیە، هیچ شوێنێک لە جیهانی سینەمادا نییە ئەو پەڕی سەرسوڕمانی تێدا بێت، وەک ئەوەی کاتێک پەردە لەسەر ئەو فیلمانە لادەدرێت کە لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵدان". گوتیشی :"شانازییەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەو بەشە لە سرووتە بن، لە پاڵ لیستی شارەزایان لە مێژووی فێستیڤاڵی کان".
ئاستلەند، بەشداری بەهێزی لە فێستیڤاڵی فیلمی کاندا هەیە، دوو لە بەرهەمە سینەماییەکانی لە چوارچێوەی پرۆگرامی 'تێڕامانێک' بەشداربوونە، یەکێکیان خەڵاتی دەستەی دادوەری لە 2014ـدا وەرگرت، پاشان فیلمەکانی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەدا بەشداربوون و دووجار توانی خەڵاتی سەرەکی بباتەوە، ئەویش خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، یەکەمیان لە خولی 70یەمین بوو لە رێگەی فیلمی 'The Square' و دووەمیان لە 2022 بوو لە رێگەی فیلمی 'Triangle of Sadness'.
ئەو دەرهێنەر لە 2004 یەکەم فیلمی بڵندی خۆی بەناوی 'The Guitar Mongoloid' بەرهەمهێناوە، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی خوێندنی بوو لە گۆتنبێرگی سوێد کە فیلمێکی تاڕادەیەک بەڵگەنامەیی بوو.
جگە لە فیلمی بڵند، چەند کورتەفیلمێکیشی هەیە، لەوانە 'Autobiographical Scene Number 6882'، سەرەتای دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی لە رێگەی دووەم فیلمی بڵندی بوو، ئەویش فیلمی 'Involuntary' بوو لە 2008.
لە 60مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە هاوشێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان، وەک یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهان دەناسرێت، توانی لە رێگەی کورتە فیلمی 'Incident by a Bank' خەڵاتی ورچی زێڕینی بۆ باشترین کورتە فیلمی وەربگرێت.
بە دەستنیشانکردنی ئاستلەند وەک سەرۆکی دەستەی دادوەری کان، دەبێتە سێیەم فیلمساز کە دوو جار خەڵاتی سەرەکی ئەو فێستیڤاڵەی بەدەستهێنابێت و ببێتە سەرۆکی ئەو دەستەیە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان راگەیێندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "ئاستلەند کامێرا لە مەودایەکی گونجاو دادەنێت بۆ ئەوەی چاودێری رەفتاری مرۆڤ بکات، دواتر خاڵە لاوازە بچووکەکان و کەموکوڕییە سەرەکییەکان روودەکاتەوە کە بەهۆی میکانزمی کۆمەڵەکان دروست دەبن، بە رادەیەک کە ناخۆشی دروست دەکەن".
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.