ئاهەنگی ئینسا لە سویسرا بە 19 دۆلارە و لە كوردستان بە 150 دۆلارە
رووداو – هەولێر
زیاتر لە 600 هەزار كەس لایكی پەیجەكەیان كردووە كە بەشێكیان كوردن. ئەو كوردی نازانێ، بەڵام كاتێك وێنەیەك لە پەیجەكەی دادەنێ، بە سەتان كۆمێنتی بە زمانی كوردی بۆ دەنووسرێ. ئەوە ئینسا هاتیای ئەلبانییە كە بەنیازە نەوزرۆی ئەمساڵ ئاهەنگێك بۆ هەودارانی لە شاری هەولێر ساز بكات.
ئینسا كچە گۆرانیبێژێكی گەنجی ئەلبانییە، لە كۆتاییەكانی ساڵی 1995 لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا لەدایكبووە، لە ساڵی 2012 وە گۆرانی دەڵێت. بەهۆی سەرنجڕاكێشی روخساری، هەروەها جلوبەرگە ورووژێنەرەكانی زوو لە وڵاتەكەی و چەند وڵاتێكی دیكە ناسرا، ئینسا گۆرانیبێژی یانەی شەوانەیە، زۆرینەی ئەو ئاهەنگانەی لە وڵاتانی ئەوروپی دەیكات لە كڵەبەكانە، بڕیار وایە شەوی نەورۆز، ئاهەنگێكی تایبەت لە شاری هەولێر ساز بكات، هاتنی ئەم گۆرانیبێژە، یان ئەم ئەستێرە گەنجە بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەبووە.
لۆرێنس، بەڕێوەبەری كارەكانی ئینسا هاتیا لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو)، سازكردنی ئاهەنگەكەی هەولێری پشتڕاست كردەوە. ئەو نایەوێت هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە ئاشكرا بكات و تەنیا دەڵێت: "بەڵێ ئێمە گرێبەستمان هەیە بۆ سازكردنی ئاهەنگێك لە هەولێر. دەمانەوێت ئاهەنگێكی تایبەت و بە چێژ پێشكەش بكەین".
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هەفتەنامەی (رووداو) كردوویەتی، دوایین ئاهەنگی ئینسا هاتیا لە یانەیەكی شەوانە بووە لە سویسرا. ئاهەنگەكە بە هاوبەشی بووە لەگەڵ چوار گۆرانیبێژی دیكە و نرخی چوونە ژوورەوە 20 فرانكی سویسری بووە كە دەكاتە 23 هەزار دیناری عێراقی، یاخود كەمتر لە 20 دۆلار، بەڵام نرخی بلیت لە ئاهەنگەكەی ئینسا لە هەولێر لە 150 دۆلارەوە دەستپێدەكات.
خاوەنی كۆمپانیایەكی رێكخستنی ئیڤێنت لە هەولێر كە ساڵی رابردوو پلانی هەبووە ئەم گۆرانیبێژە بانگهێشتی كوردستان بكات، بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە ساڵی رابردوو گفتوگۆمان لەگەڵ كرد بۆ ئەوەی بۆ ئاهەنگێك بانگهێشتی هەولێری بكەین، چونكە ئینسا خاوەنی هەوادارێكی زۆرە و گەنجان لێرە حەزیان لێیەتی، ئینسا بۆ هاتنی بۆ هەولێر 30 هەزار دۆلاری دەویست، لەگەڵ شەش بلیتی فڕۆكە كە دوویان بزنس كلاس بن، هەروەها هۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ مانەوەی خۆی و ستافەكەی".
خاوەنی كۆمپانیاكە دواجار لەگەڵ ئینسا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و دەڵێت "تەنیا خەرجیی هاتنی ئینسا و چوونەوەی زیاتر لە 60 هەزار دۆلاری تێدەچوو".
گەنجان لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە بابەتی بانگهێشتكردنی ئەم گۆرانیبێژە بۆ كوردستان بوونەتە دوو بەرە، زۆرینەی لاپەڕەكانی فەیسبووك بە توانجەوە باس لە هاتنی دەكەن، گەنجانیش لە كۆمێنتەكان بوونەتە دووبەش، زۆرینەیان رەتیدەكەنەوە و بەپێویستی نازانن، بەشێكیشیان پێیانوایە كە پایتەختێكی وەكو هەولێر پێویستی بە دەیان ئاهەنگ و كۆنسێرتی لەمشێوەیە هەیە.
زۆرینەی كۆمێنتەكان لە سۆشیال میدیا دژی هاتنی ئینسان، بەڵام محەممەد فەخرەدین كە گەنجێكی شاری هەولێرە و حەزی بە ئاهەنگی شەوانەیە، بە (رووداو)ی گوت: "ئەگەر ئەم ئاهەنگە لەلایەن كەرتی تایبەت رێكخرابێت، بە كارێكی باش و پێویستی دەزانم، چونكە بەشێكی گەنجان حەزیان لە ئاهەنگی شەوانەیە و حەز دەكەن بچنە دەرەوە، گەنجان پارەكانیان لە ئیستەنبوڵ و بەیروت و دوبەی لە یانەكان خەرچ دەكەن، ئەگەر ئاهەنگ و ئیڤێنتی لەم شێوەیە لە هەولێر رێكبخرێت، ئەوا پارەكانمان لە هەولێر خەرج دەبن و لە بواری گەشتیاریش سوودی زۆری هەیە، چونكە هەولێر پایتەختە، خەڵكی بیانی و گەشتیاری زۆری لێ دەژین، پێویستی بە هەموو جۆرە ئاهەنگێكە، لە هەموو وڵاتانی دونیاش ئاهەنگی لەم شێوەیە هەیە.
ئینسا هاتیا كێیە؟
ئینسا، ناوی تەواوی روێنسایە، ساڵی 1995 لە دایكبووە و خەڵكی ئەلبانیایە. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەستیكردووە بە گوتنەوەی گۆرانیی گۆرانبێژانی دیكە و لە رێگەی پارچە ڤیدیۆ بڵاوی كردوونەتەوە، ساڵی 2012 لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەكەم گۆرانی بەناوی The Best of بڵاوكردەوە. ساڵی 2016 بەربژێر كراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی كچ لە ئەلبانیا، تا ئێستا چوار خەڵاتی بەدەستهێناوە. ساڵی رابردوو دوایین كلیپی گۆرانی بەناوی Rendez Vous بڵاوكردووەتەوە.