ماهیر حەسەن: تۆراوەكانمان ئاشتكردنەوە
رووداو ـ سلێمانی
هونەرمەندی كۆمیدی، ماهیر حەسەن، لە دەرەوەش رووخسارە سادە و ساكارەكەی سەر شاشەی هەیە، حەزی دەكرد بڕێك دادپەروەریی لە وەڵامەكاندا هەبن. دانی بە خاڵە لاوازەكانی ژیانی خۆیدا دەنا، هەر زووش بەرگری لە خۆی و هاوڕێكانی دەكرد.
لە پێكەنین و كۆمیدیاوە دەستیپێكرد و هەر بەو باسەش كۆتایی هات، دیدارەكە بۆ ئەویش دەرفەتێكی باشبوو هەندێك روونكردنەوە بدات و دەڵێ "زۆربەی ئیشەكانم كۆمیدی بوون، چونكە ئەو كاتە خەڵك تینووی شانۆ و وشەی سەربەستی بوون". ئینجا باسی دوای راپەڕینی كرد "خەڵكی بۆ پشوودان دەهاتن بۆ بینینی نمایشەكانمان".
ماهیر حەسەن، یەكێك لە كێشەكانی دونیای هونەری دوای راپەڕین لەوەدا دەبینێتەوە كە "هونەرمەندان لەبەر پەیداكردنی بژێوی ژیان لە شانۆ دووركەوتنەوە، ئەمەش قەیرانی شانۆی دروستكرد، قەیرانەكەش خۆمان بووین".
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەندە كوردییەی دەڵێ "پیاو عەیبە باسی خۆی بكات"، ماهیر حەسەن، ناچار بوو هەندێك باسی خۆیان بكات لە گرووپی رەنگاڵە "لەوانەیە ئیشەكانمان كەموكورتییان هەبووبێ"، بەڵام دڵخۆشبوو بەوەی ئەو ئیشانەی كردوویانە "بینەری تۆراوی ئاشتكردەوە لەگەڵ شانۆ و شاشەكان"، سەرباری ئەوانە پێیوایە شانۆگەری "بۆ جەماوەرە نەوەك بۆ نوخبە".
"لەهەموو دونیادا بێجگە لە توێژینەوەی هونەری كە ئیشی نوخبەیە، دەبێت ئیش بۆ بینەرەكەت بكەیت"، ئەمە بڕوای تەواوی پیاوە كۆمیدییەكەی سلێمانییە، بۆ هەڵسەنگاندنی كار و پرۆژە هونەرییەكان، ئەوەی كردە پردێك بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەو رەخنانەی لە هەرێمی كوردستان دەگیرێن "هەندێك رەخنە هەن رووخێنەرن"، گوتیشی هەرچەندە ئێمە گوێیان پێنادەین "بەڵام زیاتر لە ناوەندە هونەرییەكاندا قسە ء باس لەسەر ئێمە دەكرێت". ماهیر حەسەن رەخنەی لە رەخنەگرەكان گرت "نمایشەكەیان نەبینیوە، كەچی رەخنەی لێدەگرن".
جگە لە كاری هونەری، ماهیر لە رێكلامی كۆمپانیاكانیشدا دەبینرێ. ماهیر حەسەن بڕیاریداوە لە مەودوا هیچ ریكلامێك لە 10 هەزار دۆلار كەمتر نەكات، هەرچەندە پێشتر بە 8 هەزار دۆلار كردوویەتی "لەسەر داوای خەڵك بواری ریكلامم هەڵبژارد"، رەتیشیكردەوە لەبەر دڵی گرانبووبێ كاتێك پێیانگوت "عادل ئیمامی كوردی". ناوبراو دەڵێ، عادل ئیمام هونەرمەندێكی گەورەیە و ئەوە رێزی خەڵك بوو بۆ من "بەڵام وەك حەمكۆ دەڵێ ئەو لە شوێنی خۆی و منیش لە شوێنی خۆم".
ئێستا ماهیر و هاوڕێكانی زۆر لەناو خەڵكدا باس دەكرێن، چونكە پێیانوایە داهاتێكی زۆر دەڕژێتە كیسەی پڕۆژەكانیانەوە. چەندە و بۆ كێیە؟ ناوبراو خۆی لەوەڵامدانەوەی نەبوارد "داهات لای ژمێریاری گرووپەكەمانە"، وەك ناوبراو باسیكرد ئەو داهاتەی دەستیانكەوتووە چەند ئیشێكیان لە خانەی نەوجەوانان پێكردووە. گوتیشی "هاوكاری كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆ و هونەرمەندیشمان كردووە".
ماهیر حەسەن بوارێكی دیكەی تاقیكردەوە و لە رادیۆی خەندانەوە گەیشتە لای بینەرانی، ئەمجارەیان بە بیستن "هیچ ئامادەكاری بۆناكەم و هەستدەكەم بە باشی دەگەمە گوێگرانم".
كە باسی سیاسەت لەگەڵ ماهیر دەكەی، یەكسەر دەڵێ سیاسەت زۆر لە هونەرمەندانی پەرتكرد لە كوردستان و بەشێكیان بڵاوەیانكرد بەو هۆیەوە "بەڵام خۆشبەختانە سیاسەت كاری لە من نەكرد". ماهیر پێیوایە "ئەوە دۆڕاندنە، ئەگەر هونەرمەندێك ئینتیمای حیزبیی بباتە ناو كارە هونەرییەكانی، چونكە كەسایەتی هونەرمەندەكە جوان نابێت".
لە سلێمانی خەڵك زۆرن كە ئەویان خۆشدەوێ، تەنانەت لە ریكلامەكانیشەوە حەز بە بینینی دەكەن، ماهیر رەتیكردەوە بازرگانی بە هونەرەوە بكات "كارەكانمان بازرگانی نین، ئەوانەی وادەڵێن ئەوانەن كە لەنێوەندی هونەریدان و هیچیان پێناكرێت". پاشان وایدەبینێ هەندێك لە ئیرەیی بردنەوە رەخنە دەگرن و دەڵێ "لە رووی دارایی و مەعنەوییەوە قازانج دەكەین، بۆیە هەموو تیپە هونەرییەكان رەخنەی بێ بنەمامان لێدەگرن، ئەگەر ئەوان ئەوەندەی ئێمەیان پێبكرایە، ساڵی دوو بەرهەم، سێ بەرهەمی شانۆییان دەكرد، چونكە كۆمیدیا هونەرێكی زۆر باڵاء قورسە، زۆر كەسیش ناتوانێت ئیش لە كۆمیدیادا بكات".
لە سلێمانی خەڵك زۆرن كە ئەویان خۆشدەوێ، تەنانەت لە ریكلامەكانیشەوە حەز بە بینینی دەكەن، ماهیر رەتیكردەوە بازرگانی بە هونەرەوە بكات "كارەكانمان بازرگانی نین، ئەوانەی وادەڵێن ئەوانەن كە لەنێوەندی هونەریدان و هیچیان پێناكرێت". پاشان وایدەبینێ هەندێك لە ئیرەیی بردنەوە رەخنە دەگرن و دەڵێ "لە رووی دارایی و مەعنەوییەوە قازانج دەكەین، بۆیە هەموو تیپە هونەرییەكان رەخنەی بێ بنەمامان لێدەگرن، ئەگەر ئەوان ئەوەندەی ئێمەیان پێبكرایە، ساڵی دوو بەرهەم، سێ بەرهەمی شانۆییان دەكرد، چونكە كۆمیدیا هونەرێكی زۆر باڵاء قورسە، زۆر كەسیش ناتوانێت ئیش لە كۆمیدیادا بكات".
رۆشنبیری و كولتوری خوێندنەوە لە نێو ئەكتەر و هونەرمەندانی كورد لە حاڵێكی باشدا نییە و ماهیر حەسەن، یەكێكە لەوانەی دان بەو كەموكورتییەدا دەنێ "ساڵانێكی زۆرە دوورم لە كتێب"، هۆیەكەشی بۆ بێتاقەت بوون لە كاتی خوێندنەوە گێڕایەوە.
ئەو هونەرمەندانەی لە بواری كۆمیدیدا كاردەكەن، توانیویانە جەماوەرێكی زۆریان هەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، تەنیا لەسەر شاشە كۆمیدین و لە نێو خەڵكدا وەك مرۆڤێكی دوورەپەرێز دەبینرێن، ماهیر حەسەن، ئەو حاڵەتە بە نەخۆشیی دەروونی دەزانێ "نازانم بۆ درۆ لەگەڵ خۆیان دەكەن، ئەگەرنا با لە شاشە و ناو خەڵكی یەك رووخساریان هەبێ".