هاوخەمی هونەرمەندانی هۆلیوود بۆ قوربانییانی بوومەلەرزە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهاندا هاوخەمی خۆیان بۆ بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا دەربڕیوە و بەشێکیان و رێنمایی و لینکی پەیوەندیان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان بڵاوکردووەتەوە.
هیو جاکمان، ئەکتەری ئوسترالی، پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت، دڵی بۆ هەموو ئەوانە دەسووتێت کە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا و تورکیا زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها لینکی پەیوەندیکردن بە رێکخراوی یونسێفی داناوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هاوکاری پێشکێش بکەن.
هەروەها دێمی لۆڤاتۆ، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی لینکی یارمەتیدان بۆ قوربانییان و لێقەوماوان لە هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داناوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار راسل کرۆ، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئاهـ تورکیا. دڵم. هەواڵی وێرانکەرە".
جێنیفر گارنەر، خانمە ئەکتەری ئەمریکی بانگەشەی بۆ کەمپینی 'سندوقی فریاگوزاری منداڵان' کردووە.
6ـی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکوور و رۆژئاوای کوردستان، هەروەها تورکیا و سووریای هەژاند، لە ئەنجامدا زیاتر لە 23 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزاریش برینداربوون، هاوکات دەیان هەزار خێزان بێ ماڵ بوون پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی هەیە.