لە نیویۆرک لە رێگەی نمایشی جلوبەرگەوە پارە بۆ ئاژەڵان کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نمایشی جلوبەرگی 'CatWalk FurBaby' لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک، جگە لە نمایشی جلوبەرگی ژنان، ژمارەیەک سەگ لە نمایشی جلوبەرگەکەدا بەکارهاتبوون و نوێترین دیزاینی جلوبەرگی تایبەت بە سەگەکان خستەڕوو و سەرنجی ئامادەبووانیان بەلای خۆیاندا راکێشا.
نمایشەکە رۆژی هەینی 10ـی شوباتی 2023 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئامانج لێی کۆکردنەوەی داهات بوو بۆ رێکخراوەکانی چاودێری ئاژەڵان.
لە نمایشەکەدا 10 نمایشکاری جلوبەرگ بەشداربوون، هەریەکەیان سەگێکی لەگەڵدا بوو و جلوبەرگی تایبەت بە سەگیان پۆشیبوو.
نمایشی جلوبەرگەکە لەلایەن کۆمپانیای 'DRC Ventures' بە سەرپەرشتی کریستینا رام، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە سازکرا کە خۆیشی خاوەنی سێ سەگ و پشیلەیەکە و چەندین کۆلێکشنی هەیە، لەوانە کۆلێکشنی تایبەت بە پیاوان و ئاژەڵە ماڵییەکان.
کریستینا رام، لەمبارەیەوە رایگەیاند: "لەگەڵ هاوژینم کلایتن تۆماس و ماڵباتەکەی بیرمان کردەوە، دەتوانین چی لە پێناو ئاژەڵان بکەین، چونکە ئێمە پزیشکی ڤێتەرنەرین، بۆیە بڕیارماندا شتێک بۆ ئاژەڵان بکەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مەبەستیان بووە سەگەکان بهێننە نێو مۆدە، بۆیە نمایشێکی جلوبەرگیان بۆ سازکردن.
نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک رۆژی هەینی 10ـی شوباتی 2023 لە نیویۆرک دەستیپێکرد و تاوەکو 15 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، تێیداگرنگترین براند و دیزاینەرانی جیهان دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو.