میریان پڕۆژەی "چەینج لایف" رادەگەیەنێت
رووداو - هەولێر
یەكێك بوو لە بەربژێرەكانی شاجوانی 2018ی كوردستان، چانسی گەورەی لە سۆشیال میدیا هەبوو، بە جۆرێك كە لە هەموو بەربژێرەكانی دیكە زیاتر لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ناوبانگی پەیدا كرد، میریان تاهیر كە ئەندازیارە، ناسناوی هاوەڵی دووەمی شاجوانی كوردستانی پێبەخشرا، ئێستا لە شاری سلێمانی دەستیكردووە بە پڕۆژەكانی، یەكەمین پڕۆژەی بریتییە لە دانانی سندووقی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و بەساڵاچووان، لێژنەیەكیش سەرپەرشتی كۆكردنەوەی داهاتەكە و دابەشكردنی دەكات.
رووداو: پڕۆژەكەت چییە و كەی دەستی پێدەكەیت؟
میریان تاهیر: دەستم بە پڕۆژەكەم كردووە، بریتییە لە دانانی سندووقی كۆمەك و هاوكاری لە چوار شوێن لە شاری سلێمانی، هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ئەو سندووقەوە ئەوەندی حەزیان لێیە و دەتوانن كۆمەك و هاوكاری دابنێن، ئێستا سندووقەكان دانراون، هەر كەسێك مەبەستیەتی لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەی منەوە هاوكاری بگەیەنێتە ئەو كەسانەی كە پێویستیانە، دەتوانن پارە بخەنە نێو سندووقەكەوە.
رووداو: كێن ئەوانەی كە لە پڕۆژەكەت سوودمەند دەبن؟
میریان تاهیر: منداڵانی بێسەرپەرشت، بەساڵاچووان، هەروەها هەر كەسێكی دیكە كە پێویستی بە كۆمەك و هاوكاری هەبێت لەم پڕۆژەیەی من سوودمەند دەبێ.
رووداو: میكانیزمی كۆكردنەوەی داهاتەكە و دابەشكردنی چۆنە؟
میریان تاهیر: من بۆ ئەم پڕۆژەیە رەزامەندی و مۆڵەتم لە پارێزگای سلێمانی وەرگرتووە، خۆشبەختانە پارێزگاری سلێمانی لە دانانی یەكەم سندووق ئامادەبوو، ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو هاوكارییەك دەربڕی، سوپاسیان دەكەم، لێژنەیەكی تایبەت سەرپەرشتی داهاتەكە دەكات، هەر لە رێگەی لێژنەیەكیش داهاتەكە دابەش دەكرێت، واتە من وەك هاوەڵی دووەمی شاجوان نزیكی داهاتەكە ناكەوم، بەڵام چاودێریی دابەشكردنەكەی دەكەم.
رووداو: ئەو كەسانەی كە لە دەرەوەی كوردستانن و دەستیان ناگاتە سندووقەكان و ناتوانن پارەی تێبكەن، چۆن بەشداری پڕۆژەكەت بن؟
میریان تاهیر: بۆ ئەو كەسانە بە نیازم حیسابێكی بانكی بكەمەوە كە بەهەمانشێوە لەژێر چاودێریی لێژنەیەك بێت، هەر كەسێك لە دەرەوەی كوردستان بێت لە رێگەی ئەم حیساب بانكییەوە ئەو بڕەی كە مەبەستیەتی دایبنێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ داهاتی نێو سندووقەكان پێكەوە دابەش بكرێن.
رووداو: خەڵكی دەرەوەی كوردستان پەیوەندییان پێوەكردووی بۆ ئەوەی هاوكاری پڕۆژەكەت بكەن؟
میریان تاهیر: بەڵێ پەیوەندییان كردووە.
رووداو: چاوەڕێ دەكەیت چەند داهات كۆبكەیتەوە؟
میریان تاهیر: نازانم، ئەوەی لە دەست من هاتووە ئەوەیە كە پڕۆژەكە رابگەیەنم، سوپاس بۆ خوا پێشوازی خەڵكیش پێشوازییەكی باش بووە، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی ناسراویش پشتگیرییان كردووە، ئەوی دیكە دەكەوێتە سەر خەڵك تا چەند بەدەم پڕۆژەكە و هاوكاریكردنی خەڵكییەوە دێن.
رووداو: بۆچی لەگەڵ شاجوانی كوردستان پێكەوە پڕۆژەكەتان رانەگەیاند؟
میریان تاهیر: چونكە لەو كاتەدا سانا خان كە شاجوانی كوردستانە لە كوردستان نەبوو، هەروەها هاوەڵی یەكەمی شاجوان لە هەولێرە، منیش لە سلێمانی بووم.
رووداو: ئامادەی لە پڕۆژەیەكدا لەگەڵ شاجوانی كوردستان پێكەوە كار بكەن؟
میریان تاهیر: بەڵێ ئامادەم بۆ هەر پڕۆژەیەكی خێرخوازی و باش لەگەڵ شاجوانی كوردستان پێكەوە كار بكەین.
رووداو: بەشێك لە خەڵكی پێیانوابوو تۆ ناسناوی شاجوانی كوردستان دەبەیتەوە، تۆ پێتوایە سانا شایەنی ناسناوەكە بوو؟
میریان تاهیر: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، من شانازی بە شاجوانی كوردستانەوە دەكەم.
رووداو: بە بەكارهێنانی وشەی "چێنج كەڵەر" و چەند وشەیەكی دیكە بەناوبانگ بوویت، ئێستاش هەر ئەو وشەیە بەكاردەهێنی؟
میریان تاهیر: بەڵێ، ئەوە نییە پڕۆژەكەم لەژێر ناوی "چەینج لایڤ" راگەیاندووە، من شانازی بەو وشەیە دەكەم.
رووداو: جگە لە پڕۆژەكانت وەك هاوەڵی دووەمی شاجوان خەریكی چیت؟
میریان تاهیر: من ئەندازیاریم تەواو كردووە، خەریكی كاری ئەندازیاریم.