کیتیل ئۆمبێرگ: 'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی سەرکەوتنی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە
رووداو دیجیتاڵ
کیتیل ئۆمبێرگ، بەرپرسی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەیمانگەی فیلمی نەرویجی، لەبارەی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" دەڵێت: چیرۆکی سەرکەوتنی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کیتیل ئۆمبێرگ، لەبارەی پاڵپشتیی دارایی حکومەتی نەرویج بۆ فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن"، بە رووداوی راگەیاند، بودجەی پەیمانگەی فیلمی نەرویجی، ساڵانە 60 ملیۆن یۆرۆیە و پاڵپشتی بەرهەمهێنانی فیلم دەکات و بە گرنگی زانی پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیە بکات.
گوتیشی، فیلمەکە لایەنگری ناکات، باس لە بەشێک لە مێژوو دەکات، پشتگیری لایەنی ئەمریکی یاخود سەدام حوسێن ناکات، بەڵکو چیرۆکێکە لەبارەی جووتیارێک کە سەدام حوسێن دەچێتە بەر دەرگای و دۆستایەتی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، چیرۆکەکە نەگێڕدراوەتەوە و نەبیستراوە، چیرۆکێکی بێهاوتایە.
لەبارەی بەدەستهێنانی داهاتی یەک ملیۆن دۆلاری لەلایەن فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە ماوەی 17 رۆژدا و لە حەوت وڵاتی عەرەبی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دڵنیام پرۆدیوسەر و دەرهێنەرەکەی خۆشحاڵە بەو داهاتە، ئەوانیش وەکو حکومەتی نەرویج خۆشحاڵن کە خەڵکێکی زۆر بینەری فیلمەکە بوونە. گوتیشی: "ئەمە چیرۆکی سەرکەوتنی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوە تێگەیشتووم خەڵکێکی زۆر ئەم فیلمەیان بە فیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێش بینوە و خۆشحاڵین کە پاڵپشتیمان کردووە".
لەبارەی پاڵپشتیکردنی حکومەتی نەرویج بۆ ئەو فیلمسازانەی وەک پەنابەر روویان لەو وڵاتە کردووە، روونیکردەوە، هەڵکەوت مستەفا ئێستا لە پرۆدیوسەرە هەر ئاستبەرزەکانی نەرویجە، ماوەیەکی درێژ بوو چیرۆکی فیلمەکەی لە خەیاڵدابوو و کاتی زۆری پێویست بوو، تاوەکو پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ جووتیارەکە دروست بکات، ئەو چیرۆکی سەرکەوتنەی ئێستا بەدەستی هێناوە، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ کار و دەستکەوتەکانی.
پەیمانگەی فیلمی نەرویجی سەر بە حکومەتی نەرویج، پێشتر راگەیێندراوێکی لەبارەی بەدەستهێنانی داهاتی یەک ملیۆن دۆلاری لەلایەن فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، فیلمەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە 100 هەزار بلیتی فرۆشراوە و داهاتی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیای ئێمپایەر ئینتەرتێیمنت کە گەورەترین کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی فیلمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرای کردووە، هیچ بەڵگەفیلمێک لە سینەماکانی عەرەبی، سەرکەوتنی هاوشێوەیان بەدەست نەهێناوە.
هەروەها پەیمانگەی فیلمی نەرویجی پیرۆزبایی لەو دەرهێنەرە کردووە، بۆ سەرکەوتن و پێشوازی بینەران لە فیلمەکەی لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیە بوو و لە چەندین وڵاتی ئەورووپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.