تایلەر سویفت بەربژێری حەوت خەڵاتی ئێم تیڤییە


رووداو دیجیتاڵ

رێکخەرانی دابەشکردنی خەڵاتی ئێم تیڤی تایبەت بە میوزیکی ئەوروپا "EMA"، لیستی بەربژێرکراوانیان بڵاوکردەوە و پشکی شێر بەر تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی کەوتووە و ژمارەیان حەوت خەڵاتە.
 
ئەو هونەرمەندە بەربژێری خەڵاتی باشترین هونەرمەند، باشترین ڤیدیۆکلیپ، باشترین بەرهەمی پۆپ و خەڵاتی خاوەن زۆرترین هەوادارە. 
 
لە لیستەکدا هەریەک لە ئاریانا گراندی، بێڵی ئایڵش، چارلی ئێکس سی ئێکس و سابرینا کارپێنتەر بۆ پێنج خەڵات بەربژێرکراون، بەتایبەتیش لە بەشی باشترین هونەرمەند، باشترین گۆرانی، باشترین ڤیدیۆکلیپ و باشترین هونەرمەند. 
 
هەر لە لیستەکەدا هاتووە، بیۆنسێ و کاندریک لامار، بۆ چوار خەڵات بەربژێرکراون.
 
خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ میوزیکی ئەوروپا، لە 1994 دامەزراوە و بەناوبانگترن و دڵخوازترین ڤیدیۆکلیپەکان لە ئەوروپا خەڵات دەکات، هەر ساڵەو لە وڵاتێکی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. ئێم تیڤی لە پاڵ ئەو خەڵاتە؛ چەند خەڵاتێکی دیکە دابەش دەکات، لەوانەش خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپی ئەمریکا.
 
لەلایەکی دیکەوە، تایلەر سویفت، بە 1.6 ملیار دۆلار، بووە دەوڵەتمەندترین گۆرانیبێژی ژن لە جیهاندا و توانی پێش ریانا، گۆرانیبێژی ئەمریکی بکەوێت کە سامانەکەی 1.4 ملیار دۆلارە و دووەم گۆرانیبێژە لە جیهاندا لەسەر ئاستی رەگەزی نێر و مێ و لە دوای جەی زەی، راپەری ئەمریکی دێت کە سامانەکەی 2.5 ملیار دۆلارە.
 
مانگی ئەیلوولی رابردوو خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ دابەشکران و تایلەر سویفت خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپی 2024 لە رێگەی بەرهەمی "Fortnight" بەدەستهێنا. سویفت، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە سوپاسی خۆشەویستەکەی ترافیس کرد کە لە شوێنی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکە لەگەڵیدا بووە.
  
گۆرانیی "Fortnight" بەشێوەی دوێت لەگەڵ پۆست مەلۆن گوتراوە و توانی خەڵاتی باشترین کاری هاوبەشیش وەربگرێت.
 
تایلەر سویفت، بەربژێری 12 خەڵات بوو، هەشتیان بۆ ڤیدیۆکلیپی "Fortnight" بوو.
 
سویفت ساڵی رابردوو نۆ خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ بەدەستهێنا و کۆی گشتیی خەڵاتەکانی لە ئێم تیڤی وەریگرتوون، 23 خەڵاتە، بەمەش لە دوای بیۆنسێ دێت کە براوەی 30 لەو خەڵاتەیە، لە دوای ئەوانیش مادۆنا بە 20 خەڵات و لەیدی گاگا بە 19 خەڵات دێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، سویفت، هەمان ریکۆردی بیۆنسێ، گۆرانیبیژی ئەمریکی تۆمارکرد و بووە خاوەنی پێنج خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپی ساڵ.
 
تایلەر سویفت، لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە، ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، حەوت ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، لە لیستی 40 ئەلبوومی "بیلبۆرد"ـدا بۆ باشترین ئەلبوومەکاندا هاتوون.
 
سویفت، دەبێتە یەکەم هونەرمەندی زیندوو ئەو ریکۆردە تۆمار بکات و لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا، ویتنی هیوستن، هونەرمەندی کۆچکردووی ئەمریکی دێت.
 
سویفت، ئەم تۆمار نوێیەی لە دوای بڵاوکردنەوە دوایین ئەلبوومییەتی بەناوی "Midnights" دێت کە لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەیدایە و ئەلبوومەکانی دیکەی لە ریزبەندی 13، 14، 22، 26 و 31ـدایە.
 
لەلایەکی دیکەوە، لە دوای پێنج ساڵ دابڕان لە سازکردنی گەشتی هونەری، ئەو هونەرمەندە جیهانییە، گەشتێکی هونەری سازکرد و یەکەم کۆنسێرتی لەو گەشتە هونەرییەی لە ئاریزۆنای ئەمریکا بوو و لە ماوەی سێ کاژێردا 44 گۆرانی پێشکێشکرد.