بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکەی کارداشیان رادەگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پاڵەوانانی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی ریالتی شۆی تایبەت بە ماڵباتی کارداشیان، ئاشکرایانکرد ئەو بەرنامەیەی کە بەشداربووەکانی کردووەتە ئەستێرەی جیهانی، لە ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی رادەگیرێت. هەواڵەکە وەک شۆکێک بوو بۆ کەرتی پیشەسازیی میدیای ئەمریکا.
 
ئاژانسی 'فرانس پرێس' ئاشکرایکرد کە کیم کارداشیان کە بەناوبانگترین کچانی ماڵباتەکەیە، لە ئینستاگرامی خۆی کە 188 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، نووسیوویەتی "بەخەمەوە وەک خێزانەکەمان ئەو بڕیارەمانداوە و دەڵێین زنجیرەی 'کیپینگ ئەپ وز زە کارداشیانز' لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە رادەگیرێت".
 
کارداشیان کە کچی رۆبێرت کارداشیانی پارێزەری بەرەگەز ئەرمەنییە، زیاتر گوتویەتی "دوای نزیکەی 14 ساڵ و 20 وەرز و سەدان شۆ و زۆر بەرنامەی سەرنجڕاکێش، هەست بەمنەتباری زۆری هەمووتان دەکەین، ئێوە کە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بینەرمان بوون، لە رۆژانی خۆش و ناخۆش، ساتەکانی دڵخۆشی و فرمێسک رژاندن، پەیوەندییە گەورەکان و منداڵانیش، وەزری کۆتایی بەرنامەکەمان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا پەخشدەکرێت".
 
کیم زیاتر دەڵێ "ئەگەر 'کیپینگ ئەپ وز زە کارداشیانز' نەبووایە، نەدەگەیشتمە ئەوەی ئێستا هەمە، ئەم شۆیە ئێمەی کردە ئەستێرەکانی ئەمڕۆ، تاهەتایە بەمنەتباری هەموو ئەوانە دەمێنمەوە، کە بەشداربوون لە دروستکردنی کاروانەکەی ئێستامان و ئەو گۆڕانکارییەی لە ژیانماندا روویدا".
 
کریس جێنەر، دایکی کیم و بەڕێوەبەری کارەکانی ماڵباتەکە، لە بڵاوکراوەیەکدا کە واژووی خۆی و هەرسێ خوشک کورتنی و کیم و کلۆی و رۆبی برایان و کینداڵ و کیلی جینز و سکۆت دیسیکی باوکی سێ منداڵەکەی کۆرتنی پێوەیە، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
ماڵباتەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەوە ئاشکرا نەکردووە.
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە پێشتر کاین وێست، هاوسەری کیم کارداشیان، خۆ بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاندووە. 
 
کاین وێست، ئەستێرەی راپی ئەمریکی، لە ماوەی رابردوودا هەندێک لێدوانی تەمومژاوی داوە کە بە ناهاوسەنگ دادەنرێت و وایکرد جارێکی دیکە هاوژینەکەی، باس لە کێشەکانی بکات لەبارەی 'پشێوییە دوو سەرەکان' و تەنانەت داوای 'هاوسۆزی' لەگەڵ دۆخی خۆیدا کرد.
 
پرۆگرامە ریالیتی شۆیەکە وای لە ئەندامانی ماڵباتەکە کرد، ببنە ئەستێرەی سەر پەڕەی بەناوبانگترین گۆڤارەکان، کارێک کە ملیۆنان دۆلار قازانجی بەوان بەخشی لە رێگەی چوونە ناو چەندین بواری گەورەوە، لە نێویاندا کەرەستەکانی جوانکاری و بۆن و نمایشی جلوبەرگ.