37 وڵات کێبڕکێ بۆ بردنەوەی یۆرۆڤیژنی 2023 دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بە گۆرانی لەبارەی خۆشەویستی، ئازار و ئاشتی، نوێنەری 37 وڵاتی ئەوروپا، کێبڕکێ بۆ بردنەوەی پێشبڕکێ گۆرانی ئەوروپا 'یۆرۆڤیژن' بۆ 2023 دەکەن کە رێوڕەسمەکەی لە 13ـی ئایاری 2023 لە لیڤەرپوولی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
ئۆکراینا براوەی خولی رابردووی یۆرۆڤیژن بوو و دەبوو خولی ئەمساڵ لەو وڵاتە سازبکرێت، بەڵام بەهۆی جەنگ و دۆخی نا هەمواری، بڕیاردا چالاکییەکە بۆ لێڤەرپول بگوازرێتەوە، ئەو شارەی خاوەنی بەناوبانگترین گرووپی میوزیکییە، ئەویش گرووپی بیتڵزە.
لە 2022 گرووپی 'کالۆش ئۆرکێسترا'ـی ئۆکراینا، لە رێگەی گۆرانی 'Stefania' کە ئاوێتەکردنێکە لە نێوان میوزیکی هیپ هۆپ و میوزیکی کلاسیکی بەشداربوو و ئەمساڵ بە گرووپێکی دووانەی 'Tvorchi' دەچێتە پێشبڕکێیەوە و گۆرانی 'Heart of Steel' پێشکێش دەکات و باس لە بەرگری وڵاتەکەیان لە دژی هێرشی رووسیا دەکات.
هەرچەند ئەوروپا هاوسۆزی بۆ دۆخی ئۆکراینا هەیە، بەڵام شارەزایانی بواری میوزیک، پێشبینی بردنەوەی ئۆکراینا بۆ جاری دووەم لە 67مین خولی یۆرۆڤیژن ناکەن.
رکابەری بەهێزی ئەمساڵ لە پێشبڕکێیەکەدا، لۆرین، گۆرانیبێژی سویدییە کە گۆرانی 'Tattoo' پێشکێش دەکات، سوێد لە 2012 براوەی پێشبڕکێیەکە بووە.
فینلەند بە گۆرانی 'Cha Cha Cha'ـی کاریجا بەشدارە و ئەم بەرهەمە بەر لە سێ مانگ بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 600 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
ئەمساڵ فاتیمە زەهرا، گۆرانیبێژی کەنەدی بە رەچەڵەک مەغریبی، نوێنەرایەتی فەرەنسا لە یۆرۆڤیژن دەکات، ئەو وڵاتەی لە 1977ـەوە نەبووەتە براوەی پێشبڕکێیەکە.
رێوڕەسمی پێشبڕکێیەکە لە هۆڵێک بەڕێوەدەچێت کە جێگەی شەش هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، پاڵاوتنی قۆناغی پێش کۆتایی بەڕێوەبچێت و تەنیا 26 وڵات لە کێبڕکێدا دەمێننەوە، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا لەو پێنج وڵاتەن کە بەبێ پاڵاوتن دەگەنە قۆناخی کۆتایی، هەروەها ئۆکراینا، چونکە براوەی خولی رابردوو بووە.
پێشبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن، ساڵانە لەلایەن یەکێتی پەخشی ئەوروپا سازدەکرێت و یەکەم خولی لە 24ـی ئایاری 1956 بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەوروپا بە گۆرانیبێژێک یاخود کرووپێکی میوزیکی بەشدار دەبن.
لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانی دیکە ئەو چالاکییە بەڕێوە نەچوو.