لە میلانۆ پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمەکانی بانکسی کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەری شاری میلانۆی ئیتاڵیا، پێشانگەیەکی هونەریی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی بانکسی هونەرمەندی گرافیستی سەرشەقام کرایەوە.


پێشانگە بریتییە لە دووبارە کێشانەوەی کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە لالەیەن ژمارەیەک گرافیستەوە بە هەمان قەبارەی خۆیان، لەسەر دیوارەکانی وێستگەکە.

یەکێک لە تابلۆکانی لەسەر دیواری وێستگەکە کێشراوەتەوە، تابلۆی 'کچ لەگەڵ میزەڵان'ـە کە کۆپی ئۆرجیناڵی ئەم بەرهەمە، پێشتر بە بڕی چوار ملیۆن و 25 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە.

لە پێشانگەکەدا 130 تابلۆی سەر دیوار خراونەتەڕوو و لە 3-12-2021 کراوەتەوە و تاوەکو 27-2-2022 بەردەوام دەبێت.

بانکسی لەسەر دیواری شەقامەکان وێنە دەکێشێت و ناسنامەی خۆی وەک هونەرمەندێک ئاشکرا ناکات، بەڵام لەرێگەی کۆمپانیاییەکی بەناوی 'پاست کۆنترۆڵ' کار بۆ کردنەوەی پێشانگە و فرۆشتنی بەرهەمەکانی دەکات.