قوتابییە نوێکەی هەڵکەوت زاهیر کلیپێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

رووداو- هەولێر

نەدا رۆز، کچە گۆرانیبێژی فارس، گۆرانییەکی نوێ بەناوی "ئەوین و قەدەر" دەکاتە کلیپ و بڵاویدەکاتەوە.


هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەری کورد، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "دوای ئەوەی چەند بەرهەمێکی گۆرانیمان بۆ نەدا بڵاوکردەوە، سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش کلیپێکی دیکەمان بەناوی "ئەوین و قەدەر" بە شێوازێکی تازەو کوالێتییەکی بەرز خستە نێو گەنجینەی هونەری کوردی".

هەڵکەوت زاهیر، گوتیشی "کلیپەکە لە لایەن محەممەد جەمیل، بە هاوکاری ستافێکی پرۆفیشناڵ کاری دەرهێنانی بۆکراوە، میلۆدی گۆرانییەکە بەندە دایناوەو تێکستی گۆرانییەکەش هەڵبەستڤانی بە توانا حەمە سەعید حەسەن نووسیویەتی".

نەدا رۆز، پێش چەند مانگێک کلیپێکی لەسەر شەهید و دواتریش کلیپێکی دیکەی بەناوی ئەفسانە بڵاوکردنەوە، کە لە ئاوازی هەڵکەوت زاهیر بوو، ئەمە سێیەمین بەرهەمی کچە فارس نەدا رۆزە، کە بە قوتابییە نوێیەکەی هەڵکەوت زاهیر ناسراوە.

نەدا رۆز، لە دایک و باوکێکی فارس لە شاری تاران لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرھێنانی سینەمادا ھەیە،  وەکو مۆدێلی جلوبەرگ و مەیکئەپ ئارتیست، ئێستاش وەکو گۆرانیبێژێک ناسراوە.