ئەمڕۆ 47مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ چالاکییەکانی 47مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە تورۆنتۆی کەنەدا دەستپێبکات و دەبێتە یەکەم خولی لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت.
 
لە چالاکییەکانی خولی ئەمساڵدا، چەند فیلمێکی بەهێز بەشدارن، لەوانە فیلمی 'The Fabelmans' لە دەرهێنانی ستیڤن سپێلبێرگ و فیلمی 'Glass Onion: A Knives Out Mystery' و 'The Woman King'.
 
چالاکییەکانی فیستیڤاڵ لە 8-18 ئەیلوولی 2022 بەڕێوەدەچێت و 200 بەرهەم بەشدارن و 63 فیلم لە بەشە جیا جیاکانیدا کێبڕكێ دەکەن. 
 
لە خولی ئەمساڵدا رێزلێنانێکی تایبەت بۆ ستیا گێت رای، دەرهێنەری هیندی دەکرێت و 10 فیلمی لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵدا پێشاندەدرێن. 
 
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ (TIFF)، لە 1976 یەکەم خولی بەڕێوەچوو، لە رووی بەشداری خەڵکەوە بە گرنگترین فیستیڤاڵ هەژمار دەکرێت، لە 2016 480 هەزار کەس لە چالاکییەکانیدا بەشداربوون.
 
ساڵانە پێنج هەزار فیلمساز و شارەزایانی فیلمسازی لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن، پەیامەکەی 'گۆڕینی شێوازی بینینی مرۆڤەکانە بۆ جیهان لە رێگەی فیلمەوە' و جگە لە پێشاندانی فیلم، وۆرکشۆپ، سمینار و چالاکی دیکەی هونەری لەخۆدەگرێت، گرنگترین خەڵاتی لەلایەن بینەرانەوە هەڵدەبژێردرێت.