ڤێرجینی ڤیارد دوای دوو دەیە ماڵئاوایی لە شانێڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ڤێرچینی ڤیارد، دیزاینەر و بەڕێوەبەری هونەریی براندی جلوبەرگی شانێڵ، کە لە دوای کۆچی دوایی کارل لاگەرفێڵد ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و ماڵئاوایی لەو براندە بەناوبانگە فەرەنسییەی جیهانی فاشن کرد.
شانێڵ، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دیزاینەرە تەمەن 62 ساڵە، ناوی جێگرەوەی بۆ ئەو پۆستە ئاشکرا نەکردووە کە بۆ ماوەی دوو دەیە لەو پۆستەدا بوو.
براندی شانێڵ، لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "شانێڵ، رۆیشتنی ڤێرجینی ڤیارد پشتڕاست دەکاتەوە، لە دوای ئەو هاوکارییە دەوڵەمەندی بۆ پێنج ساڵ وەک بەڕێوبەری هونەریی کۆمەڵە دیزاینەکانی جلوبەرگ بەردەوام بوو". لە بەیاننامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە هۆکاری رۆیشتنی ئەو دیزاینەرە جیهانییە نەکراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: ڤیارد "لە توانایدا هەبوو هێماکانی ماڵ نوێ بکاتەوە، بە رێزگرتن لە میراتی داهێنەرانەی شانێڵ".
ڤێرچینی ڤیارد، بەر لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، پێشتر هیچ پۆستێکی دیکەی وەک دیزاینەر نەبووە، بەڵام بەردەوام لەگەڵ لاگەرفێڵد کاری کردووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە دیزاینکردنی جلوبەرگە گرانبەهاکاندا هەبووە.
شانێڵ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە 25ـی حوزەیرانی 2024 نوێترین کۆمەڵە دیزاینی بۆ پاییز و زستانی ئەمساڵ لە پاریس دەخاتەڕوو.
رێژەی فرۆشتنی شانێڵ لە سەردەمی ڤیارد، بە رێژەی 14.6 بەرزبووەوە، فرۆشیان 19.7 ملیار دۆلار بووە.