جەواد شەکەرچی: لە کوردستان جووڵەیەکی رۆشنبیری و سینەمایی نایاب هەیە

08-02-2025
عەدلە بەکر
جەواد شەکەرچی، ئەکتەر و سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا
جەواد شەکەرچی، ئەکتەر و سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا
نیشانەکردن جەواد شەکەرچی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەواد شەکەرچی، ئەکتەری ناسراوی عێراقی سەرۆکایەتی یەکەم خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا لە مووسڵ کرد و لەبارەی بەشداری فیلمسازانی کورد گوتی، کورد خاوەن ناسنامە و کولتوورە و داهاتووی لەو فێستیڤاڵەدا دەبێت.
 
جەواد شەکەرچی، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند: "دڵخۆشم بە سازکردنی یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە، پەنا بەخوا خولی دیکەی لە داهاتوودا دەبێت، رەنگە بە شێوەیەکی گەورەتر و گەورەتر پاڵپشتیکردنی فێستیڤاڵەکە بکرێت، پەنا بە خوا هەوڵ بدرێت ئەو بیرۆکە و دەستپێشخەرییە لە تەواوی عێراق گشتگیر بکرێت". 
 
لەبارەی بەشداری فیلمسازانی کورد لە فێستیڤاڵەکەدا گوتی: "لە دهۆک یان زاخۆ بەشداربوونە، هەروەها لە هەولێر، پەنا بە خوا برا کوردەکانمان داهاتوویان لەو فێستیڤاڵەدا دەبێت، چ وەک میوان، چ بە پێشاندانی فیلم، لەبەرئەوەی ئێستا جووڵەیەکی رۆشنبیری و سینەمایی نایاب لە کوردستان دا هەیە، کۆمپانیای بەرهەمهێنان و دەرهێنەر هەن، لە نزیکەوە چاودێری ئامادەبوونی دەکەین، بەڵام ئەم خولە وەک باسم کرد خێرا بوو، لە داهاتوودا پێویستیمان بەوەیە ئارامگر بین و بەدواداچوون بۆ هەموو میوان و فیلمەکان بکەین، ئەوەی لە ئێمەوە نزیکە، کورستانە". 
 
ئەو دەرهێنەرە عێراقییە روونیشیکردەوە: "ماوەیەکی زۆرە کوردەکان خۆشەویست و هاوڕێی منن، من کوردم وەک گەلێکی راستەقینە خۆشدەوێت، خاوەن ناسنامە و کولتوورە و ئامادەبوونی بەهێزی لە عێراق و ناوچەی عەرەبیدا هەیە".
 
یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا لە 5-7ـی شوباتی 2025 بە چاودێری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراقی لە مووسڵ بەڕێوەچوو، جگە لە فیلمی عێراقی و عەرەبی، فیلمی دوو دەرهێنەری کورد لە بەشی پێشبڕکێدا بەشداربوون. 
 
جەواد شەکەرچی، لە 1951 لە بەغدا لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە لە 1978، لە چەندین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی، شانۆیی و سینەمایی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دا بەشداربووە. پێشکێشکردنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لە یەکێک لە کەناڵە عەرەبییەکان، ناوبانگییەکی دیکەی بەو هونەرمەندە دا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە