رووداو دیجیتاڵ
سوورەیا محەممەد، هونەرمەندێکی کوردە و لە ئەڵمانیا دەژی، بەڵام هونەرمەندێکی ئاسایی نییە، بەڵکو داهێنەرە. ئەو بە شووشە و گوڵ و گیا کاری هونەریی دانسقە بەرهەمدێنێت. دیاسپۆرانشینێکە کە خەمی دووری وڵات بە کارە هونەرییە تایبەتەکانی کەم دەکاتەوە.
سوورەیا محەممەد لە دیمەشقی سووریا لەدایکبووە، خەڵکی گوندی خرێبێی سەر بە شەرایای چیای کورمێنجی عەفرینن، ئەو شووشەی بووتڵی بەکارهاتوو، پێکهاتەی سەرەکیی کارەکانییەتی، ئەو لە حەلەب هونەری خوێندووە و بۆ ماوەیەکی درێژ مامۆستای هونەری بووە.
سوورەیا محەممەد، بە رووداوی راگەیاند: "هەر لە منداڵییەوە حەزم بە کاری هونەری کردووە، نەک تەنیا من، بەڵکو براکانم و نزیکەکانم، ئەمە وەک جیناتێکی بۆ ماوەییە بۆ ئێمە و بەردەوامین لە کاری هونەری لە دروستکردنی ئەم شتانە، هەرکەس شێوە و ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەوەی من شێوازێکی تایبەتە، بەهۆی ئەوەی من هونەرەکەم بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە پەیمانگە لە حەلەب خوێندووە، بۆیە جیاوازترە، هەروەها وەک مامۆستا لەوێ بوومە و ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە حەلەب مامۆستا بووم".
ئەو خانمە دەستڕەنگینە بە شووشە کاری جیاواز و بە پاشخانی جیاواز دروستدەکات، بەڵام "ئەفسانەی شاماران"، "نەبی هورێنی چیای کورمێنج" و "ئاڵای کوردستان"، بەشێکی سەرەکی کارەکانی ئەون کە خەڵک داوای لێ دەکەن.
ئەو هونەرمەندە کوردە روونیشیکردەوە: "نەبی هورێنی چیای کورمێنج و ئاڵای کوردستان هی ئێمەن، کاتێک دروستیان دەکەم هەرکەسێک دەیبینێت دڵخۆش دەبێت و دەستخۆشیم لێدەکەن".
یەکێک لە جوانترین کارەکانی ئەم خانمە کە دایکی پێنج کچ و چەندین نەوەیە، شاکارێکە بە دار و گیا دروستیکردووە و کارێکی زۆر جیاوازە.
لەبارەی بەرهەمهێنانی کاری هونەری لە رێگەی گوڵ و گیا، گوتی: "یەکەمجار لە حەلەب لە رێگەی خاک و گیاوە دەستم بە دروستکردنی تابلۆکان لەسەر تەختە و دار کرد، بە بەکارهێنانی سنۆبەر و چەند رووەکێکی دیکە، پێشتر وەهابوو، بەڵام ئێستا لە رێگەی شووشە و بووتڵەوە زیاتر تابلۆکان دروست دەکەین".
کارە هونەرییە بە گیا و گوڵ دروستکراوانە، پێشوەخت و بە ماوەیەکی درێژ ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بە مانگ وشک دەکرێنەوە، پاشان لە چوارچێوەدا رێک دەخرێن.
سوورەیا محەممەد، لەمبارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێستا بۆ نموونە گەڵای رووەک دەهێنم و دەیکەمە ناو کتێب، هەروەها زۆر کەس کە گوڵم بە دیاری بۆ دەهێنن دواتر دەیانبەمە باڵکۆنەکە، ماوەیەکی زۆر وازیان لێدەهێنم تاوەکو وشک دەبن، پاشان دەیانخەمە نێو شووشەوە و تابلۆ و شتی جوانی هونەری لێ دروست دەکەم".
هونەرمەند تەنیا سێ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، وەک خۆی دەڵێت، ئەو دڵ پڕ خەمە لە دوورکەوتنەوەی شوێنی باوک و باپیرانی و کەسوکاری. گوتیشی: "هەرچەندە من تەنیا ماوەی سێ ساڵە لێرە لە ئەڵمانیا دەژیم، واتە زۆر لەمێژ نییە، بەڵام دڵتەنگم لە دووری براکانم و کەسوکارم و نازانم دۆخی ئەوان و کەسوکارم لەوێ چۆنە".
بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ ئەم کارە دەستیانەی سوورەیا محەممەد لە حەلەب دروستی دەکردن؛ ببوونە بژێوی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی. لەمبارەیەوە گوتی: "کچ و کوڕم هەبوون و فێرم دەکردن، هەروەها چەندین کچ و کوڕی دیکەم فێردەکردن، دواتر نموونەیەکی خۆم پیشان دەدان و کەلوپەل و کەرەستەم بۆ دەناردن و پیمدەدان، داوام لێدەکردن لەو شێوەیە زۆر دروست بکەن، ئەوانیش دروستیان دەکرد و بە کۆ دەیانناردن بۆ حەلەب، حومس و شام و دەیانفرۆشتن".
بەرهەمەکانی بە باشی دەناسرێن و بەشداری پێشانگاکانیش دەکات، بەڵام دروستکردنی کارێکی موزایک و ژنێک لە شووشە بە قەبارەیەکی گەورە، یەکێک لە هیواکانیەتی.
لەمبارەیەوە روونیکردەوە: "بۆ نموونە جلی کوردی کۆنی ژنێکی کورد دروستبکەم زۆر بەجوانی دەردەکەوێت، بەهۆی رەنگاورەنگییەکەی، بۆ نموونە تابلۆیەکم دروستکردووەو گەورەیە نزیکەی مەترێک دەبێت، وێنەی دوو ژنی کرد بە جلی کوردی رەنگاورەنگەوە وەستاون و لە گوندێک، تراکتۆرێکیش لە نزیکیانەوەیە، شتێکی زۆر جوان و نایابە".
لە هەر شوێنێکی ماڵە بچووکەکەی سوورەیا محەممەد و دوو کچەکەی کە هێشتا ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە، دیوار و کۆچەی ئەم ماڵە بە بەرهەمەکانی رازێنراونەتەوە و وەک پێشانگەیەکی بەردەوام لە گۆڕاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ