هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی بۆ جلوبەرگی خانمان بۆ هەردوو وەرزی پاییز و زستانی 2024 و 2025 بەڕێوەدەچێت، تێیدا دیزاینەران و براندە بەناوبانگەکانی جیهان، نوێترین دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو.
 
ریزمان روزاینی براندێکی جلوبەرگی مالیزییە و بەرهەمەکانی لە هەفتە نمایشەکەدا خستەڕوو، دیزاینەرانی براندەکە دەڵێن، کاریگەری ئیمپراتۆریەتی موگلی لەسەر دیزاینەکان هەیە و رەنگی زێڕین لە دیزاینەکاندا بەکارهاتووە.
 
لە کۆمەڵە دیزاینی ئەمجارەی ریزمان روزاینی، رەنگدانەوەی جلوبەرگی کۆن و مۆدێرن ئاوێتەی یەکدی کراون.
 
چالاکییەکانی هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی لە 4ـی شوباتی 2024 لە دبوەی ئیمارات دەستیپێکرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی شوبات، کۆتایی دێت.
 
رێکخەرانی هەفتە نمایشەکە، بە بانگهێشتکردنی براند، دیزاینەر و نمایشکارە جیهانییەکان، دەیانەوێت ناوی دوبەی بخەنە پاڵ، گرنگترین هەفتە نمایشەکانی جلوبەرگی وەک میلان، لەندەن، پاریس و نیویۆرک.
 
مێژووی دامەزراندنی هەفتە نمایشی دوبەی، بۆ 7ـی شوباتی 2023 دەگەڕێتەوە و درێژەپێدەری هەفتە نمایشی جلوبەرگی عەرەبییە کە لە 2015 دامەزراوە، تایبەتە بە جلوبەرگی ژنان و پیاوان بۆ چوار وەرزی ساڵ و ئێستا بە هەفتە نمایشی فەرمیی ئیمارات دەناسرێت.