نوێترین بەرهەمی عەممار کوفی لە دوبەی تۆمارکراوە و لە پاریس وێنەگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
"يغارون" ناوی نوێترین بەرهەمی هونەرمەند عەممار کوفییە بە زمانی عەرەبی، لە نۆ رۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەبووە.
عەممار کوفی، بە رووداوی راگەیاند، گۆرانیی "یغارون" لە تێکستی رامی عەبود و لە ئاواز و دابەشکردنی مەیسەم عەلائەدینە. گوتیشی، گۆرانییەکە لە ستۆدیۆکەی لە دوبەی تۆمارکراوە کە بە ناوی خۆیەتی و ستۆدیۆیەکی زۆر گەورەیە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە زیاتر وێنە و تێکستی گۆرانییەکە لەخۆدەگرێت، جگە لە چەند دیمەنێکی ڤیدیۆییش. کوفی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەرهەمەکە لە پاریس وێنەگیراوە و عومەر جەواد کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامداوە.
ئەم بەرهەمە لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە کەناڵی تایبەتیی هونەرمەند لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و یەک ملیۆن و 150 هەزار بینەری لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ڤیدیۆییە هەیە.
عەممار کوفی بە زمانی کوردی و عەرەبی بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە، جگە لە گۆرانیگوتن بە زمانی تورکی کە لە لایڤەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیکات. بەتایبەتیش گۆرانیی "Aramam"ـی هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس کە بە لێهاتوویی دەیڵێتەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
هەر لە 2024 ئەو هونەرمەندە چەند بەرهەمێکی دیکەی بڵاوکردەوە، لەوانەش ڤیدیۆکلیپی گۆرانیی "عذرا" کە لە 2015 بە شێوەی دەنگ بڵاوکراوەتەوە، هەروەها گۆرانیی "ليل الرياض".
"الکرادة" یەکێکی دیکە لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە بە زمانی عەرەبی و لە نێوەڕاستی 2024 بڵاویکردەوە و نزیکەی سێ ملیۆن بیسەری لە یوتیوب هەیە.
"عیوني تضحکلك" یەکێکی دیکە لە گۆرانییە سەرکەوتووەکانی کوفی بوو لە ساڵی رابردوودا کە لە تێکستی قوسەی عیسا و لە ئاوازی عەلی سابرە، زیاتر لە سێ ملیۆن بیسەری لە یوتیوب هەیە.
عەممار کوفی لە نیسانی ساڵی رابردوو، گۆرانیی "شخصي المفضل"ـی بڵاوکردەوە کە لە ئاوازی مەحموود تورکی و لە تێکستی قوسەی عیسایە و زیاتر لە دوو ملیۆن بیسەری لە یوتیوب هەیە.
لە سەرەتای هەمان ساڵدا گۆرانیی "بعدني عايش"ـی بەشێوەی دەنگ و گرافیک لە یوتیوب بڵاوکردەوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بیسەری هەیە.
بەهێزترین گۆرانیی عەممار کوفی لە یوتیوب گۆرانیی "نص العالم"ـە کە لە تێکستی حەیدەر ئەسیر و لە ئاوازی قەبس یوسفە، زیاتر لە 18 ملیۆن جار لە یوتیوب بیستراوە و لە 2022 بڵاوکراوەتەوە.