لە پاریس پەیکەرێکی مۆمی بۆ بیۆنسێ دروستکرا

رووداو دیجیتاڵ

پەیکەرێکی مۆمی بۆ بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی دروستکراوە و لە مۆزەخانەی گرێڤا لە پاریسی فەرەنسا دانراوە.
 
لە مۆزەخانەکەدا پێشتر پەیکەری ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی دیکە دانراوە، لەوانەش سێلین دیۆن، گۆرانیبێژی کەنەدی و هەردوو ئەکتەری ئەمریکی لیۆناردۆ دیکاپریۆ و بروس وێلس.
 
دروستکردنی پەیکەر مۆمییەکە شەش مانگی خایاندووە و لەلایەن کلاوس ڤیلتی و تیمێکی مۆزەخانەکە دروستکراوە.
 
بیۆنسێ، لە 4ـی ئەیلوولی 1981 لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و سەماکاری ئەمریکییە، سەرکەوتنەکانی وایکردووە ببێتە ئایکۆنێکی کولتووری لە ئەمریکا و جیهاندا.
 
لە کۆتایی نەوەدەکاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و ئەندامی گرووپی کچانی "Destiny's Child" بووە کە بەرهەمەکانی پڕفرۆشترینی گرووپی کچانن لە هەموو سەردەمێکدا.
 
بیۆنسێ، زیاتر لە دووسەت ملیۆن ئەلبوومی گۆرانیی لە جیهاندا فرۆشراون، یەکەم هونەرمەندە حەوت ئەلبوومی تاکە کەسییەکەی لە لیستی بەرهەمە پڕفرۆشەکانی "بیلبۆرد 200"ـدا هاتووە.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، بەهۆی بەرهەمەکانییەوە 32 خەڵاتی گرامی، 26 خەڵاتی ڤیدیۆمیوزیکی ئێم تیڤی، 24 خەڵاتی "NAACP"، 31 خەڵاتی "BET" و 17 خەڵاتی میوزیکی سۆڵ تراینی وەرگرتووە.