فەرشی سووری 96ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکار راخرا

رووداو دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی میدیاکان، فەرشی سووری 96ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە هۆلیوود راخرا و ئامادەکاری بۆ بەڕێوچوونی گەورەترین رووداوی هونەری لە ئەمریکا دەکرێت.
 
راخستنی فەرشی سووری رێوڕەسمەکە رۆژی چوارشەممە 6ـی ئازاری 2024 لە شانۆی دۆڵبی بەڕێوەچوو و ئامادەکارییە بۆ بەڕێوەچوونی لە رۆژی یەکشەممە 11ـی ئازاری 2024.
 
ساڵی رابردوو، رێکخەرانی رێوڕەسمەکە، رەنگی فەرشی سووریان بۆ رەنگی "شامپاین" گۆڕی، ئەمەش بە دڵی بەشێک لە هۆگرانی فیلم نەبوو، بەڵام ئەمساڵ دووبارە، فەرشی سووریان راخستەوە، 
 
هەر بەم دواییە ناوی پێشکێشکارانی رێوڕەسمەکە بڵاوکرایەوە، تێیدا براوەکانی خولی رابردووی خەڵاتەکانی ئۆسکار، وەک براندن فرەیزەر، ئەکتەری ئەمریکی، مێشێل یۆهـ، ئەکتەری مالیزی و جەیمی لی کۆرتێس، ئەکتەری ئەمریکی بەرچاو دەکەون.
 
هەر لە خولی ئەمساڵدا، هەرچوار ئەکتەری ئەمریکی ئال پاچینۆ، نیکۆڵاس کەیج، میشێل فایفەر و زندێیا پێشکێشکاری ئەو رووداوە هونەرییە دەبن.
 
بڕیارە هەر لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە براوەکانی خەڵاتی ئۆسکار، جێسیکا لانگ، ماسیۆ مەکۆنۆهەی، لۆپیتا نیۆنگۆ، ماهرشلا عەلی و سام رۆکۆڵ، خەڵاتەکان دابەش بکەن.
 
لە 96ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری ئەمساڵدا، باد بانی، کریس هیمسوورس، دوێن جۆنسن، جێنیفەر لۆرەنس و رامی یوسف، خەڵات پێشکێش بە براوەکانی ئەمساڵ دەکەن.
 
یەکێک لە فیلمە بەربژێرە بەهێزەکانی ئەمساڵ لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، فیلمی "Oppenheimer"ـە کە بەربژێری 13 خەڵاتی ئۆسکارە و براوەی زۆرترین خەڵاتەکانی ئەمساڵە لە وەرزی خەڵاتەکاندا.
 
لە پێشبڕکێیەکەدا، فیلمی "Barbie" هەیە کە بە پڕداهاتترین فیلمی 2023 دێت و داهاتی لە سەرووی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەڵام لە رووی بەدەستهێنانی خەڵاتەوە زۆر سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە رکابەری "Oppenheimer" بکات.
 
"Killers of the Flower Moon" و "Poor Things" دوو فیلمی دیکەی بەهێزی ئۆسکاری ئەمساڵن و بۆ چەندین خەڵات بەربژێرکراون.
 
ئەو رووداوە سینەماییە بەربەیانی 11ـی ئازاری 2024 لە هۆڵی دۆڵبی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. 
 
مانگی رابردوو؛ لیستی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار بڵاوکرایەوە و فیلمی "Oppenheimer" پشکی شێری بەرکەوت، بە بەربژێرکردنی بۆ 13 خەڵات، لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر.
  
هەروەها فیلمی کۆمیدی و فانتەسیی "Poor Things"، بۆ 11 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە.
 
فیلمی "Killers of the Flower Moon" لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی، هەرچەند لە وەرزی خەڵاتەکانی ئەمریکا چانسی بردنەوەی خەڵاتی نەبوو، بەڵام لە ئۆسکاردا بۆ 10 خەڵات بەربژێرکراوە.
 
لەو بەرهەمە سینەماییەدا هەریەک لە رۆبەرت دینیرۆ و لیۆناردۆ دیکاپرۆ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، دیکاپریۆ بە کارکردن لەگەڵ دەرهێنەرێکی وەک سکۆرسێزی، ئامانجی بەدەستهێنانی دووەم ئۆسکار بوو وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، بەڵام ناوی لە لیستی بەربژێرکراواندا نەبوو.
 
فیلمی "Barbie" بەهێزترین فیلمی 2023 بوو لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە و داهاتی لە یەک ملیار و نیو نزیکبووەتەوە و بۆ هەشت خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، بەڵام ناوی لە بەشی باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەردا نییە.
 
تایبەتمەندییەکی ئەمساڵی ئۆسکار، بەربژێرکردنی سێ ئەکتەری ژنە بۆ خەڵاتی ئۆسکار لە بەشی باشترین دەرهێنەردا، پێشتر ئەو ژمارەیە لە ئۆسکاردا تۆمار نەکراوە.
 
ئەستێرەیەکی سینەمای جیهان وەک برادلی کۆپەر، ئەمساڵ بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، یەکێکیان وەکو باشترین ئەکتەر، ئەوەی دیکەیان بۆ باشترین پرۆدیوسەر و سێیەمیان بۆ باشترین سیناریۆیە.
 
لە بەشی فیلمە بیانییەکاندا، "The Captain" نوێنەرایەتیی ئیتاڵیا لە ئۆسکاردا دەکات، ئەمەش لە دوای بەشداربوونی لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دێت.
 
فیلمەکە لەلایەن لیژنەی ئیتاڵی بۆ بەربژێرکردنی فیلم بۆ ئۆسکار هەڵبژێردراوە کە لە دەرهێنانی ماتیو جارۆنییە و چووەتە قۆناخی کورتە لیستی ئۆسکاراوە و یەکێک لەو پێنج فیلمانەیە کە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی بەربژێرکراوە.
 
یەکەم پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بوو و دەرهێنەرەکەی توانی خەڵاتی شێری زیوین بەدەستبێنێت و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەش سیدۆ سار، خەڵاتی باشترین بەهرەمەندی گەنجی بردەوە.
 
بەم دواییە لە رێوڕەسمێکدا لە هۆلیوودی ئەمریکا، خەڵاتی ئۆسکاری شانازی بەخشرایە ژمارەیەک هونەرمەند کە تەمەنێکیان لە سینەمادا بەسەربردووە.
 
میل برۆکس، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی تەمەن 97 ساڵ، یەکێک لە خەڵاتکراوەکان بوو، ئەمەش دووەم جارە ئەو خەڵاتە سینەماییە وەردەگرێت.
 
ئەم چالاکییە ساڵانە لەلایەن دەستەی بەڕێوبەرایەتیی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو سازدەکرێت و ماوەی 14 ساڵە بەردەوامە و پێشتر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەش دەکرا.
 
ژمارەیەک ئەستێرە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە ئامادەبوون، لەوانە مارتن سکورسێزی، لیۆناردۆ دیکاپریۆ، کریستۆڤەر نۆلان، پێنێلۆپ کروز، ناتالی پۆرتمان و برادلی کوپەر.
 
چالاکییەکە ساڵانە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاوەوە سازدەکرێت بۆ ناساندنی دەستکەوتێک لە چالاکی سینەمایی.
 
برۆکس لە 1969 خەڵاتی ئۆسکاری بۆ نووسینی فیلمی "The Producers" بەدەستهێنا.
 
هەروەها ئەو خەڵاتە بەخشرایە میشێڵ ساتەر، دامەزرێنەری پەیمانگەی سەنداس و ئەنجێل ئەباسێت، ئەکتەری ئەمریکی.
 
بەم دواییە ئەکادیمیای ئۆسکار بۆ هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو رایگەیاند، لە 2026ـەوە خەڵاتێکی دیکە لە لیستی خەڵاتەکانیدا زیاد دەکات و دەیبەخشێتە بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران.
 
زیادکردنی ئەو خەڵاتە بۆ لیستی خەڵاتەکانی دیکەی ئۆسکار، بە یەکەم خەڵات هەژمار دەکرێت لە دوای زیادکردنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن لە 2001.
 
پێشتر لە بەیاننامەیەکی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاودا هاتبوو، بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی ئەکتەران رۆڵێکی سەرەکی لە پیشەسازی فیلمدا دەبینن، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لەگەڵ گەشەسەندنی ئەکادیمیاکەیاندا، ئەوان دڵخۆشن بە زیادکردنی ئەو بەشە لە لیستی خەڵاتەکانیاندا.
 
بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران، بە تخومێکی سەرەکی و پێویست بۆ هەموو پڕۆژەیەکی نوێی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی دەناسرێت، ئەوان رۆڵیان لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکاندا هەیە.
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەڵمەتێک بۆ دیارکردنی خەڵاتێک بۆ بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران هەبوو، لە 2013 هۆبەی تایبەت بەو بەشە لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو کرایەوە و ئێستا 160 ئەندامی هەیە.
 
تاوەکو ئێستا یەکلا نەبووەتەوە خەڵاتی ئۆسکاری باشترین بەرپرسانی دەستنیشانکردنی ئەکتەران لە پەخشی راستەوخۆی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەبەخشرێت کە ژمارەیان 23 خەڵاتە، یا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە؛ سەرکێشیکەرەکان لە فیلمەکاندا کە لە دیمەنە سەخت و ترسناکەکاندا بەشدار دەبن، ئەوانیش داوا دەکەن خەڵاتێکی تایبەتی ئۆسکاریش بە وان هەبێت.
 
ئۆسکار بە گرنگترین خەڵات لە هونەری حەوتەمدا دەناسرێت و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و وێنەی جوڵا پێشکێش بە باشترین بەرهەمی سینەمایی و ستافی کارەکەیان دەکرێت.
 
خەڵاتی ئۆسکار لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێندراوە کە لە شێوەی سێدریک گیبنسە، یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1929 بوو، لە 1930 بۆ یەکەمجار رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە رادیۆ گواستراوەتەوە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە تەلەڤزیۆن پەخشکرا.