رووداو دیجیتاڵ
'جەژن یارانەن' نوێترین بەرهەمی هونەرمەند رووبار رەشید کاکەییە و بۆ جەژنی کاکەییەکان، بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی دەکاتەوە.
رووبار رەشید کاکەیی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرهەمەکە بەناوی 'جەژن یارانەن'ـە و لە جەژەنی قەوڵتاسی کاکەییەکان بڵاو دەکرێتەوە و یەکەمجارە بەرهەمێک بۆ جەژنی کاکەییەکان بەرهەمدێت، گوتیشی "ئەم بەرهەمە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی کراوە".
لەبارەی پەیامی بەرهەمەکەی روونیشیکردەوە: "کاتی ئەوە هاتووە کاکەیی وەک ئایین بناسرێت، کاکەیی ئایینە و خودا یەکە و هاوبەشی نییە، وەکو ئاینەکانی دیکە، راستە بەهۆی ئەم بەرهەمەم رەخنەم لێدەگیرێت، ئەمە لە بری ئەوەی پشتیوانی لە ئاینەکەی خۆیان بکەن، حاشای لێدەکەن". گوتیشی، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کاکەیی وەک ئایین بناسێندرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە گوندی هاواری کاکەیی لە پارێزگای هەڵەبجە کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و ژمارەیەک کاکەیی هەڵەبجە تێیدا بەشداربوونە.
ئاوازی گۆرانییەکە لەلایەن کاروان محەممەد ئامادەکراوە و لە تێکستی نامیق هەورامییە و لە ستۆدیۆی کاروان پڕۆدەکشن کاری دەنگ و میوزیکی بۆ کراوە.
کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن هەردێ سەمیر کراوە و بڕیارە کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2023 لە کەناڵی تایبەتی رووبار رەشید کاکەیی بڵاوبکرێتەوە.
کاکەییەکان لە دوای سێ رۆژ بە رۆژوو بوون، سبەی یەکشەممە جەژنی قەوڵتاس دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ