هەڵکەوت مستەفا لەدوای 'شاردنەوەی سەدام' کار بۆ بەڵگەفیلمی 'فارووق' دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد چیرۆکی زانایەکی عێراقی کە بە کلیلی سەرکەوتنی نەرویج لە بەڕێوەبردنی وزەی وڵاتەکە دەناسرێت، لە بەڵگەفیلمێکدا پێشان دەدات. پڕۆژەکەش ئەم ساڵ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە بەشدارە و لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە پاڵپشتی دەکرێت.
"فارووق" ناوی بەڵگەفیلمەکەیە و چیرۆکی زانایەکی جیۆلۆجی عێراقی دەگێڕێتەوە کە توانی پەرە بە کەرتی نەوتی نەرویج بدات بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی و ئابووریی ئەو وڵاتە پێش بخات، دواتر ئەو هەوڵەی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە جیهاندا پێناسە کراوە و بە "مۆدێلی نەرویج" لەو بوارەدا دەناسرێت.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە کە کۆمپانیای هەنێ فیلمی نەرویجی و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمیان هێناوە. وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج پاڵپشتیی دارایی دەکات. ئەم بەرهەمە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی بازاڕی قۆناخی پەرەپێدانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوورە.
هەڵکەوت مستەفا، بە رووداوی راگەیاند: "چەندین ساڵە بە پەرۆشم، بۆ ئەوەی لە نهێنیی سەرکەوتنی نەرویج تێبگەم کە چۆن توانی وزە بۆ دابینکردن و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا دەیان وڵات لە جیهاندا نەیانتوانی داهاتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵگەکەیان بەکاربهێنن، لە کاتێکدا دەیان وڵات لە جیهاندا نەیانتوانیوە سەرچاوەی وزە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکەیان بەکاربهێنن."
دەریای سوور لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی فیلمە لە جیهاندا، پاڵپشتیی پڕۆژە سەرکەوتووەکانی فیلم دەکات، بەشێکی تایبەت بە پەرەپێدانی پڕۆژەکان هەیە، پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فارووق" لەنێو ئەو 12 پڕۆژانەدایە کە سعودیە پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی وەکو رووی سینەمای سعودیە بیناسێنێت.
هەڵکەوت مستەفا بە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" توانی ناوبانگێکی زۆر لە جیهانی عەرەبیدا بەدەستبهێنێت. بەڵگەفیلمەکەی بووە پڕبینەرترین بەڵگەفیلم لە مێژووی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبیدا. بەڵگەفیلمەکە لە 2023 لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بەشداربوو و دوو پێشاندانی بۆ کرا.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکەدا بەشدارە، دەیەوێت پێگەیەکی بەهێز لەنێو فێستیڤاڵەکەدا بۆ خۆی دروستبکات و ناوێکی درەوشاوە بێت لە بواری بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمدا، بەتایبەتیش لە دوای ئەو سەرکەوتنەی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بەدەستیهێنا.
چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە رۆژانی 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدە بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، ئێستا رووداوێکی هەرە گەورەی هونەری و سینەماییە لە ناوچەکەدا.
فارووق قاسم، زانایەکی بواری جیۆلۆجیی نەوتە، بە بنەچە عێراقی - نەرویجییە، لە 1934 لە بەسرە لەدایکبووە و رۆڵی هەبووە لە پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی نەوت لە نەرویج، بەو هۆیەوە ناوبانگی پەیداکردووە.
ئەو زانایە لە بواری جیۆلۆجیای نەوتدا لە زانکۆی لەندەن خوێندوویەتی و لە 1957 گەڕاوەتەوە عێراق، ئێستا لە نەرویج دەژی.