جۆنی دێپ و ئەمبێر هێرد لە فیلمێکدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دێپ و ئەمبێر هێرد، هەردوو ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی یەکدی، لە دوای جیابوونەوەیان و دووجار تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگە، بڕیارە پێکەوە لە بەڵگەفیلمێکدا بەشداربن.
وردەکاری زۆر لەبارەی بەڵگەفیلمەکە ئاشکر نەکراوە، بەڵام ئەو دوو ئەکتەرە رەزامەندیان پێشانداوە تێیدا دەرکەون و قسە بکەن و هەریەکەیان لەبارەی کێشەکانی نێوان قسە بکەن و بەرگری لەخۆیان بکەن.
بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دوای بڵاوکردنەوەی فیلمێکی سینەمایی لەبارەی ئەو دوو ئەکتەرە دێت کە هەفتەی رابردوو بەناوی 'Hot Take: The Depp / Heard Trial' بڵاوکرایەوە، تێیدا بە وردی باس لە کێشەی نێوان دێپ و هێرد دەکات کە لە 2018ـەوە کێشە لە نێوانیان دروستبوو و بە جیابوونەوە کۆتایی هات، تا گەیشتە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر یەکدی و داوای قەرەبووکردنەوە.
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە، ئەمساڵ دێپ بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵای لەسەر هێرد تۆمارکرد و دادگە لە بەرژەوەندی دێپ بڕیاریدا و هێرد ناچار کراوە قەرەبووی ماددی بکاتەوە.
هێرد، پێشتر تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی خستەبووە پاڵ دێپ، بەڵام دێپ بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو لە ژیانیدا تەندوتیژی بەرامبەر بە هیچ ئافرەتێک نەکردووە، لە بەرامبەردا، ئەو هەمان تۆمەتی خستە پاڵ هێرد.
جۆنی دێپ، لە 9-7-1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی 'What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلارە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.
ئەمبێر هێرد، لە 22-4-1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی 'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.