نمایشی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە جەژندا بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دەرهێنانی شوان کەریم، ماوەی 20 رۆژە نمایشی لە هەولێر بەردەوامە، بڕیارە نمایشی لە رۆژانی جەژنیشدا بەردەوام بێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشی ئەم بەرهەمە شانۆییە لە هەولێر.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' رۆژانە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، لە هۆڵی میدیا لە هەولێر نمایشدەکرێت و یەکەم نمایشی لە هەولێر لە 15-6-2022 بوو، ئەمەش لە دوای ئەوەی بۆ ماوەی 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و زیاتر لە 26 هەزار بینەری هەبوو.
 
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژانی جەژندا، نمایشی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەردەوام دەبێت و رۆژانە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، لە هۆڵی میدیا پێشوازی لە بینەرانی شانۆ دەکەن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات، رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.