سەنا ئاروەند سێیەمین ڤیدیۆکلیپی لەگەڵ باوکیدا بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەنا ئاروەند، لێدەری ئامێرە دەف و زەربە، سێیەم بەرهەمی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لەگەڵ باوکیدا بەناوی "کۆچ" بڵاوکردەوە.
 
ئەکبەر ئاروەند، گۆرانیبێژ و ژەنیاری سازە و باوکی سەنایە و پێشتر لە چەند ڤیدیۆیەک پێکەوە دەرکەوتوونە و بەرهەمی هونەرییان پێشکێشکردووە.
 
سەنا ئاروەند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێیەمین کاری هاوبەشی لەگەڵ باوکیدا بەناوی "کۆچ"ـە و عەلی رەزا یونسی کاری ڤیدیۆکلیپی بۆ کردووە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو کارە هونەرییەکانی لەگەڵ باوکیدا زۆر تایبەتن و خەڵک رێزیان دەگرێت و بەنیازن کاری جوانتریش پێشکێش بکەن.
 
روونیشیکردەوە، کاتێک یەکەم بەرهەمیان بڵاوکردووەتەوە، خەڵک نەیزانیوە ئەوان باوک و کچن، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە کە باوک و کچن و کاری هونەری هاوبەش ئەنجام دەدەن.
 
سەنا ئاروەند، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەف لێدەرە و پێشتر لە دوو بەرهەمی دیکە لەگەڵ باوکیدا دەرکەوتووە، باوکیشی خاوەنی چەند بەرهەمی تایبەت بەخۆیەتی.