فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل لە سینەماکانی نەرویج پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری کورد، لە دوای بەدەستهێنانی دەیان خەڵات لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، لە 10ـی تشرینی دووەمی 2023 لە سینەماکانی نەوریج پێشاندەدرێت.
مانۆ خەلیل بە رووداوی راگەیاند، لە دوای ئەوەی فیلمەکەی لە 200 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربوو و توانی 66 خەڵات بەدەستبێنێت، بڕیارە لە 10ـی ئەم مانگە لە سینەماکانی چەند شارێکی سەرەکیی نەرویج پێشاندەدرێت و خۆی لە 16 هەمان مانگ دەچێتە ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە بەشداریکردنی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکان، لە سینەمای چەندین وڵات پێشاندراوە، لەوانە ئەمریکا، سویسرا، سلۆڤاکیا، کەنەدا و ئیسرائیل و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە سینەماکانی دانیمارک، سوێد و فینلەند پێشانبدرێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە جگە لە پێشاندانێکی تایبەتی لە هەولێر کە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی رێکخرا و بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشان نەدراوە، لە کاتێکدا لە بەشێکی زۆری سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت.
'جیران' لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، تێیدا باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و عەرەب تێیدا بەشدارن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرای.
مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە 'پەرەسێلكە'، 'حافیز و مارا'، 'ئەنفال'، 'دایڤید تولهیلدان'، 'زیندانەكەم، ماڵەكەم'، 'باخچەكانی بەهەشت' و 'تامی هەنگوین' و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.