نرخی پێشبینیکراو بۆ گیتارەکەی جۆرج هاریسن 800 هەزار دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە ناشڤێلی ئەمریکا، گیتارێکی جۆرج هاریسن، گۆرانیبێژ و میوزیکژەنی بەریتانی دەخرێتەڕوو و پێشبینی دەکرێت بە بڕی 600 و 800 هەزار دۆلار بفرۆشرێت.
 
مارتن نۆلان، دامەزرێنەری بەشدار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەی زیادکردنی ئاشکرای جولیان لە لێڤەرپول، رایگەیاند، زیادکردنە ئاشکراکە لە تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە ئامێرە بەنرخەکانی گرووپی بیتڵز هەژمار دەکرێت، بەو پێیەی هاریسن یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە بووە.
 
گیتارەکە لە جۆری گیتاری کارەبایی فۆتۆرۆمایە و لە دەستپێکی دامەزراندنی گرووپی بیتڵزی ئینگلیزی، زۆر بەکاری هێناوە، لە زیاتر لە 324 کۆنسێرتدا بەکاری هێناوە. جگە لە تۆمارکردنی گۆرانییەکانی گرووپ لە 1959 تاوەکو 1961.
 
لە 1964 هاریسن گیتارەکەی بەخشییە پێشبڕکێی گۆڤارێک، بەڵام براوەی پێشبڕکێیەکە، لە بری گیتارەکە، پارەی وەرگرت و لەلای سەرنووسەری گۆڤارەکە پارێزراوبوو.
 
زیادکردنە ئاشکراکە لە هۆڵی میوزیکژەنە نێودارەکان و مۆزەخانەکەی لە ناشڤێل، یا لە رێگەی ئۆنلاین لە 20 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەدەچێت.
 
بیتڵز گرووپێکی رۆکی بەریتانییە، لە 1960 لە لیڤەرپووڵ دامەزراوە، بە ناسراوترین و سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی لە مێژوودا دەناسرێت، ئەندامانی بریتیبوون لە جۆن لینۆن، پۆڵ مککارتنی، جۆرج ھاریسن و رینگۆ ستار. 
 
ئەو گرووپە خاوەنی 13 ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی "Please Please Me" لە 1963 بڵاوکراوەتەوە و دوایین ئەلبوومیان بەناوی "Let It Be" لە 1970 بڵاوکراوەتەوە.
 
ناوی گرووپەکە لە کتێبی "گینس"ـدا تۆمارکراوە، لە دوای ئەوەی 600 ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومەکانیان فرۆشران، هەرچەند گرووپەکە هەڵوەشابووەوە، بەڵام دواتر مایکل جاکسن، توانی ئەو ریکۆردە بشکێنێت، تاوەکو لە ژیاندا مابوو زیاتر لە 750 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشرابوون، لە دوای مردنی ئەو ژمارەیە گەیشتە یەک ملیار.