'سۆزی دڵی بێ ئاگا' لە ریزبەندی چوارەمی ترێندی یوتیوبە لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە باس باسی گۆرانیی "سۆزی دڵی بێ ئاگا"ـی دیاکۆز کوڕی هونەرمەند شیروان عەبدوڵڵایە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ باوکیدا گوتوویەتی، ئەم بەرهەمە ئێستا لە ریزبەندی چوارەمی ترێندی یوتیوبە لە عێراقدا.
گۆرانییەکە لە 30ـی ئایاری 2024 لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 75 هەزار جار بیستراوە و رکابەری سێ بەرهەمی عێراقی دەکات، کە لە ریزبەندەکانی پێشەوەن، لەوانەش گۆرانیی "عەیشنی جەنە جەنە"ـی جاسم، هونەرمەندی عێراقی و زیاتر لە 685 هەزار جار بینراوە.
ئەو بەرهەمانەی لە ریزبەندی یەکەم، دووەم و سێیەمی ترێندەکەی یوتیوبدان، ڤیدیۆکلیپن، بەڵام بەرهەمەکەی دیاکۆز و شیروان عەبدوڵڵا، تەنیا دەنگە.
ئەم بەرهەمە کوردییە ریتمێکی خێرای میوزیکی و ناوەڕۆکێکی خەمناکی هەیە کە دوو ستایلی جیاواز هاوس و پۆپی کوردی ئاوێتەکراون، لە ترێندی یوتیوب لە عێراقدا، لە پێش نوێترین گۆرانیی ئێمێنێم، هونەرمەندی ناسراوی ئەمریکییە بەناوی "Houdini"، ئەم بەرهەمە زیاتر لە 41 ملیۆن بینەری لە ئاستی جیهاندا لە ماوەی پێنج رۆژدا هەبووە.
دیاکۆز، لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەی بە رووداوی راگەیاند، یەکەمجارە بەرهەمێک بەشێوەی دوێت لەگەڵ باوکیدا بڵاودەکاتەوە، دڵنیابووە لەوەی دەنگدانەوەی دەبێت، چونکە باوکی "ناوێکی گەورەیە لە هونەرەدا".
هەر لەبارەی باوکییەوە دەڵێت، هونەرمەند شیروان عەبدوڵڵا دەنگێکی تایبەتی هەیە و دووبارەبوونەوەی نییە. روونیشیکردەوە، ئەو شارەزای دەنگی باوکیەتی و وەک ژەنیاری کیبۆرد تەنیا بۆ ئەو میوزیکی ژەنیوە، بەتایبەت لە ئاهەنگەکانیدا لە ئەوروپا.
دیاکۆز لە ئەڵمانیا دەژی و لەبارەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ پرۆدیوسەر و هونەرمەندانی بەناوبانگی ئەوروپا کار بۆ بەرهەمەکانی دەکات، لە موزیک لەیبڵی وەک "iGroove Music" بڵاودەکرێنەوە کە سەر بە هەردوو کۆمپانیای "Universell Music" و "Sony Music"ـە. گوتیشی: "دەمەوێت بەرهەمەکانم بە سپۆنسەری میدیایی رووداو بڵاوبکرێنەوە، چونکە یەکەمی بێ رکابەرە و بۆ من جێی متمانەیە".
دیاکۆز شیروان، ناوی هونەریی دیاکۆزە، لە 2021 یەکەمین بەرهەمی بەناوی "بۆچی رۆیشتی" بڵاوکردووەتەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە. لە 2023 ڤیدیۆکلیپی "دونیا"ـی بڵاوکردەوە کە یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومە نوێیەکەیەتی بەهەمان ناو و بەنیازە بەشێوەی تراک، دواتریش بەشێوەی ئەلبووم بڵاوی بکاتەوە.