بە بڵاوکردنەوەی پۆستەرێک ئامادەکاری بۆ نمایشکردنی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە هەولێر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دوای نمایشکردنی لە سلێمانی کە لە 55 رۆژدا زیاتر لە 26 هەزار بینەری هەبوو، بە بڵاوکردنەوەی پۆستەرێک ئامادەکاری بۆ نمایشکردنی لە هەولێر دەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکەیە.
 
سۆران عوسمان، پرۆدیۆسەری شانۆگەرییەکە، بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 6:00ـی ئیوارەی چوارشەممە 15-6-2022 و رۆژانی دواتر، لە هۆڵی میدیا لە هەولێر نمایشدەکرێت و بینینی ئەم بەرهەمە بە بلیت دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نمایشکردنی شانۆگەرییەکە لە دوای 55 رۆژ نمایشکردنی لە شاری سلێمانی دێت و لەو ماوەیدا 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ شانۆی کوردی، لە کاتێکدا باس لە قەیرانی بەرهەمی شانۆیی و بینەری شانۆیی دەکرێت.
 
روونیشیکردەوە، لە دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەکە لە هەولێر، لە ماوەی داهاتوودا لە کەرکووک و دهۆکیش نمایش دەکرێت، بۆ دەرەوەی وڵاتیش پلانیان هەیە لە ئەڵمانیا نمایشی بکەن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، لە دەرهێنانی شوان کەریمە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات.
 
لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دگێڕن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە. 
  
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە، ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی 'نامۆ'، 'هانۆڤەر 98، 'ئیمپرۆکۆکن' و 'سکێچ' بووە، لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
 
لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر، 'کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی'، 'شەوی نیشتمانی'، 'ساڵی سفر'، 'هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت'، 'گەر بڕیارە نمرین' و 'سەرەتا زۆر سەرەتا'، جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.