کۆنسێرتی میوزیکی زەهاوی لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

مانگی سێی ئەمساڵ گرووپێک لە جۆلەمێرگەوە بڕیاریاندا بێنە باشووری کوردستان و کۆنسێرتێک بکەن، ئێستا گرووپەکەی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستانەوە هاتوون و خۆیان ئامادە دەکەن تاوەکو لە باشووری کوردستان و لە قەڵای هەولێر کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیک سازبکەن. 
 
ئەنڤەر ئایدن، سەرپەرشتیاری گرووپەکە دەڵێت، "هەولێر شارێکی زۆر زۆر جوانە، قەڵای هەولێر قەڵایەکی مێژووییە، زۆر دڵخۆشم هاتوومەتە باشووری کوردستان، رووداو میوانداریی ئێمەی کردووە و زۆر دڵخۆشم."
 
فوئاد فەرەج، گۆرانیبێژ باسی لەوە کرد، "ساڵێک پێش ئێستا هاوڕێی ئازیزم هەژار زەهاوی هاتە شاری وان، بەڵگەی لەسەر ئێمە دروستکرد، من سوپای مامۆستا هەژار و تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم."
 
هەژار زەهاوی دەڵێت، دوای پێنج مانگ بەڵێن، ئەوە یەکەمین کۆنسێرتی زەهاوی میوزیکە کە بۆ ماوەی ساڵێک و لە هەموو مانگێکدا کۆنسێرتەکان بەڕێوەدەچن. شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکان قەڵای هەولێرە. 
 
هەژار زەهاوی، سەرپەرشتیاری زەهاوی میوزیک هاوس ئاماژە بەوە دەکات، "گرووپەکانی جۆراوجۆری کوردی لە کوردستانی گەورە، لە بەشی ئێرانەوە، لە بەشی تورکیا و سووریا و عێراق، شەش مانگ لەم لۆکەیشنە مێژووییە ناوم ناوە وەرزی کوردی کۆنسێرتەکان بەڕێوەدەچن، شەش مانگی دووەم دەبێتە وەرزی جیهانی."
 
لە کۆنسێرتەکەدا 15 تراک گۆرانی و میوزیک پێشکێش دەکەن، ئێوارەی ئەمڕۆ 5ـی 5 و لەسەر قەڵای هەولێر کۆنسێرتە میوزیکییەکەی زەهاوی نمایشی خۆیان دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت گوێگرێکی زۆر تێیدا ئامادە ببن.