بە ژیریی دەستکرد بەرهەمێکی گرووپی بیتڵز بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای 53 ساڵ ژیریی دەستکرد ئەندامانی گرووپی بیتڵز کۆدەکاتەوە و بەرهەمێکی بەناوی ئەو گرووپە بەناوی 'Now and Then' بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەم بەرهەمە پێشتر لەلایەن جۆن لینۆن (1940-1980) تۆمارکراوە و لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دووبارە تۆمارکراوەتەوە و وەک بەرهەمێکی بیتڵز ناسێندراوە.
 
ئەم بەرهەمە دوایین گۆرانیی گرووپی بیتڵز بووە کە لینۆن لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو نووسیویەتی و بە دەنگی خۆی بڵاویکردووەتەوە، دواتر هەریەک لە پۆڵ مەکارتنی، جۆرج هاریسن و رینگۆ ستار کاریان لەسەر کردووە.
 
پۆڵ مەکارتنی رایگەیاندووە، ئەم بەرهەمە چەندین ساڵ کاری لەسەر نەکرابوو، چونکە پێشتر تەکنیکی جیاکردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژ لە میوزیکەکەی بەهێز نەبووە، بەڵام بەر لە دوو ساڵ توانییان ئەو کارە بکەن و لە رێگەی ژیریی دەستکرد تۆماری بکەنەوە.
 
بیتڵز گرووپێکی رۆکی بەریتانییە، لە 1960 لە لیڤەرپوول دامەزراوە، بە دیارترین و سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی لە مێژوودا دەناسرێت، ئەندامانی بریتیبوون لە جۆن لینۆن، پۆڵ مکارتنی، جۆرج ھاریسن و رینگۆ ستار. 
 
ئەو گرووپە خاوەنی 13 ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'Please Please Me' لە 1963 بڵاوکراوەتەوە و دوایین ئەلبوومیان بەناوی 'Let It Be' لە 1970 بڵاوکراوەتەوە.
 
ناوی گرووپەکە لە کتێبی 'گینس'ـدا تۆمارکراوە، لە دوای ئەوەی 600 ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومەکانیان فرۆشران، هەرچەند گرووپەکە هەڵوەشابووەوە، بەڵام دواتر مایکل جاکسن، توانی ئەو ریکۆردە بشکێنێت، تاوەکو لە ژیاندا مابوو زیاتر لە 750 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشرابوون، لە دوای مردنی ئەو ژمارەیە گەیشتە یەک ملیار.
 
پۆل مەکارتنی، لە 18ـی حوزەیرانی 1942 لە لیڤەرپوول بەریتانیا لە دایکبووە، گۆرانیبێژ و ژەنیاری گیتاری پێشووی گرووپی بیتڵزە، لە تەمەنی نەجوانییەوە فێری ژەنینی پیانۆ و گیتار بووە و هەر لەو تەمەنەش تێکستی گۆرانی نووسیووە. 
 
باوکی ژەنیاری گیتار بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو هەبووە و بۆیە رووی لە کاری هونەری کرد.
 
دەستپێکی کاری هونەریی لە 1957 بووە و بووەتە ئەندامی گرووپی قۆریێمن کە لە 1960 بوو بە گرووپی بیتڵز.
 
لە 1970 گرووپی بیتڵز هەڵوەشایەوە و گرووپی وینگزی لەگەڵ هاوژینی یەکەمی لیندا و دێنی لەین دامەزراند، لە 1980 گەشتێکی هونەریی بە تەنیا ئەنجامدا و چەندین کۆنسێرتی لە بەریتانیا و ئەمریکا لەخۆگرت.
 
تێکستی 32 گۆرانی نووسیووە کە لە سەت پڕ بیستراوترین گۆرانییەکانی لیستی بیلبۆرد بووە، لە 2009ـدا 25 ملیۆن و 500 کۆپی لە بەرهەمەکانی لە ئەمریکا فرۆشران، براوی خەڵاتێکی ئۆسکار و 18 خەڵاتی گرامییە.
 
مەکارتنی لە 2020 وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین گۆرانیبێژانی جیهان ناسێندرا و سامانی 800 ملیۆن پاوەند بوو.