دانیال کرەیگ ئەستێرەی حەوتەم رۆژی فێستیڤاڵی ڤێنس بوو


رووداو دیجیتاڵ

چالاکییەکانی حەوتەم رۆژی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بەردەوامە، دانیال کرەیگ، ئەکتەری بەریتانی و پاڵەوانی زنجیرە فیلمی "James Bond"، لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوت و نوێترین فیلمی بەناوی "Queer" پێشاندرا.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی لۆکا گوادانینۆیە، تێیدا کرەیگ، لەگەڵ رەیچڵ ڤایز، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و پێکەوە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەرکەوتن. 
 
رۆژی سێشەممە 3ـی ئەیلوولی 2024 یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە چوارچیوەی فێستیڤاڵی ڤێنس کرا و دوای پێشاندانی، ئامادەبووان سەرسامی خۆیان بۆ فیلمەکە پێشاندا، زیاتر لە 11 خولەک چەپڵەی بۆ لێدراوە. 
 
رووداوەکانی نێو چیرۆکی فیلمەکە، لە چلەکانی سەدی رابردوو لە مەکسیکۆ سیتی روودەدەن، تێیدا کرەیگ رۆڵی کارەکتەرێک دەگێڕێت کە ئاشقی پیاوێکی گەنجتر لەخۆی دەبێت، واتە مژاری سەرەکی تێیدا هاورەگەزخوازییە.  
 
"Queer" لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی ڤێنس بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی شێری زێڕین دەکات کە خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵە.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.
 
دانیال کرەیگ، ئەکتەری بەریتانی، لە پێنج بەشی رابردووی زنجیرە فیلمی "James Bond" رۆڵی گێڕاوە و بڕیاریدا هیچی دیکە ئەو رۆڵە نەگێڕێت، بەرهەمهێنەرانی لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستا بە دوای جێگرەوەی ئەو ئەکتەرەدا دەگەڕێن، دوایین لێدوانی بەرهەمهێنەرانیشی، ئەوەی ئەو رۆڵە دەگێڕێت نابێت تەمەنی گەنج بێت.
 
زنجیرە فیلمی "James Bond" باس لە ئەندامێکی هەواڵگری بەریتانی دەکات کە نووسەری چیرۆکەکە ئیان فلمینگە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە رۆمانێکدا بەکاری هێنا، دواتر لە چەندین رۆمان و چیرۆکدا بەشداربووە، بەڵام بەناوبانگبوونی ئەو کارەکتەرە لە رێگەی سینەماوە بووە و کۆی داهاتی زنجیرە فیلمەکە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەمەبەش دەبێتە پێنجەم پڕداهاتترین بەرهەمی سینەمایی لە جیهاندا.
 
تاوەکو ئێستا 25 زنجیرە فیلمەکە بڵاوکراونەتەوە، دوایین بەشی بەناوی 'No Time to Die' بوو کە لە 2021 بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 774 ملیۆن و 153 هەزار دۆلارە.