باراک ئۆباما خەڵاتی ئێمی بەدەستدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

خەڵاتی ئێمی بەخشرایە باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بەرامبەر بەوەی رۆڵی هەبووە لە بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییەکی نێتفلێکس بەناوی "پارکە نیشتمانییە گەورەکانمان."
 
شەوی شەممە، 4ـی ئەیلوول، ئۆباما بووە دووەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا، خەڵاتی ئێمی بەدەست بهێنێت، دوای ئەوەی لە زنجیرە فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکەی نێتفلێکسدا، تێکستەکەی خوێندووەتەوە.
 
ئەو زنجیرە دۆکیۆمێنتارییە کە لە پێنج بەش پێکهاتووە، لەلایەن کۆمپانیایەکی خێزانی ئۆباماوە بەرهەمهێندراوە و باس لە ئەو پارکە نیشتمانییە گەورانە دەکات کە لە جیهاندا هەن.
 
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی، باراک ئۆباما و میشێلی هاوژینی، کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی کاری تەلەڤزیۆنییان بەناوی "هایەر گراوند" دامەزراندووە و دواتریش لەگەڵ نێتفلێکس گرێبەستێکی گرانبەهایان واژۆکردووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو زنجیرە دۆکیۆمێنتارییە.
 
پێشتر ئۆباما دوو جار خەڵاتی گرامی پێبەخشرابوو بۆ خوێندنەوەی کتێبی ژیاننامەکەی خۆی بەناوی "بوێریی هیوا" و، هەروەها لەساڵی 2020 بۆ کتێبی "خەونەکانی باوکم."
 
لە ساڵی 1956، دوایت ئایزنهاوەر، بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا خەڵاتی ئێمی وەربگرێت، دوای ئەوەی یەکەم سەرۆکی ئەمریکا رازی بێت یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ئەنجامبدات.
 
خەڵاتی ئێمی، خەڵاتێکی ئەمریکییە و تایبەتە بە زنجیرە و بەرنامە جۆراوجۆرەکانی تەلەڤزیۆن، ئەمساڵیش لە شاری لۆسئەنجلسی ئەمریکا 47ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئێمی بەڕێوەچوون.